Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: گۆڕانكاریی گەورە بەڕێوەیە

ئانکارا-KDP.info-  (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە ئانکارای پایتەختی توركیا، لەبارەی نێوەرۆكی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پەیامێكی بڵاو كردەوە و رایگەیاند، گۆڕانكاریی گەورە لە ناوچەكە بەڕێوەیە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای پەیامەکەیدا رایگەیاند "ئەو سەردانەمان بۆ تورکیا لەسەر خواستی جەنابی سەرۆککۆماری تورکیا بوو، دوێنێ سێشەممە کۆبوونەوەی گرینگمان ئەنجام دا لەگەڵ جەنابیان و سەرۆکوەزیرانی تورکیا و چەند بەرپرسێکی دیکەی تورکیا".

لەبارەی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكان (سەرۆک بارزانی) رایگەیاند "باسی پەیوەندیی دووقۆڵیمان كرد لەبواری ئابووری، سیاسی و ئەمنی و، باسی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدایشمان كرد و هاوڕابووین بەردەوام بین لە گفتوگۆكردن و هەماهەنگی و قووڵكردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکدی لە هەموو رووەكانەوە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی "ئێستا کاتێکی هەستیارە بۆ هەموو لایەکمان و بەپێویستم زانی باسی هەموو بوارەکان بکەین، هەروەها بەدەرفەتیشم زانی دووبارە پیرۆزبایی لە سەرۆککۆماری تورکیا و گەلی تورکیا بکەم بۆ ئەو سەرکەوتنەی توانییان لەبەرانبەر کودەتاکە بەدەستی بێنن، هەروەها سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە دەكەم بەهۆی کودەتاکەوە بوونە قوربانی".

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی (سەرۆک بارزانی) و بەرپرسانی توركیا شەڕی مووسڵ و رووبەڕووبوونەوەی داعش بووە، لەمڕووەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕآیگەیاند "شەڕی داعش یەکێک بوو لە تەوەرە هەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکان و رێککەوتین لەسەر ئەوەی، چۆن هاوکار بین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە".

لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان و تورکیایش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا زۆر گرینگە، بەڵام پێدەچێت کاتی زیاتری بووێت، ئێمە نائومێد نین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان، بەڵام بەداخەوە لەماوەی رابردوودا شتی زۆر ناخۆش روویانداوە، هیوادارین رۆژێک بێت پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکاتەوە".

(سەرۆک بارزانی) هاوکات رایگەیاند "یەکێکی دیکە لە تەوەری کۆبوونەوەکانمان تایبەت بوو بەو قوتابخانانەی لە هەرێمی کوردستان هەن و سەر بە رەوتی (گیولەن)ـن، ئێمە رێککەوتین ئەو پرسە چارەسەر بکەین بێئەوەی زیان بە قوتابییەکان بگات، ئەوانە بەرنامەی سەردانەکەم بوون و ئەمڕۆیش سەردانەکەمان کۆتایی دێت."