Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مستەفا شەفیق: "سەردانی ئەمجارەی سەرۆک بارزانی بۆ تورکیا جیاوازترە"

ھەولێر-KDP.info-  شارەزایەکی کاروباری تورکیا و سووریا دەڵێت، بۆ وڵاتان و ھەموو ھێزەکان یەکلا بووەتەوە کە بەبێ (سەرۆک بارزانی) کێشەکانی ناوچەکە چارە نابن، بۆیە داوای لێدەکەن ئەو کارە بکات.

(مستەفا شەفیق) کە شارەزای کاروباری تورکیا و سووریایە، باوەڕی وایە کە، سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ تورکیا ئەمجارە جیاوازە لەگەڵ سەردانەکانی دیکە.
(شەفیق) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونی کردەوە، "گۆڕانگاریی جیددی بەڕێوەنە، وەکو پەیوەندیی رووسیا و ئێران، تورکیا و ئێران، تورکیا و سووریا، تورکیا و ئیسرائیل، هەڵبەتە ئەوان پێشتر پەیوەندییان خراپ بوو، بەڵام پەیوەندیی ھەرێم لەگەڵ تورکیا زۆر باش بووە؛ تورکیایش کۆمەڵێک کێشەی ھەن لەوانە، کێشەی تیرۆر و پەکەکە و ئینقیلابی تورکیا، بۆیە تورکیا پێویستی بە ھەرێمی کوردستان ھەیە بەتایبەت (سەرۆک بارزانی)، چونکە تورکیایش دەزانێ کە (بارزانی) ھۆکارێکە بۆ باشبوونی پەیوەندییەکان، جیا لەمە کۆمەڵێک پرس ھەن پێویستیان بە چارەسەری ھەیە، لەوانە رۆژئاوای کوردستان و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ئۆپراسیۆنی مووسڵ، هەموو ئەم پرسانەیش بە لای تورکیاوە گرینگن، هەربۆیە دەیەوێت رۆڵی تێیاندا ھەبێت. لەو پێناوەیشدا دەبێت پەیوەندیی باشتری لەگەڵ ھەرێم ھەبێت بۆ چارەسەرکردنیان."

(مستەفا شەفیق) گوتیشی، ئەم سەردانە گرینگترە لەوانەی پێشوو، لەبەر ئەوەی پێشتر وڵاتان بۆ چارەکردنی کێشەکان زۆر ھەوڵیان دا بەڵام سەری نەگرت، ھۆکارەکەشی ئەوەبوو کە رۆڵیان بە ھەندێک ھێزی دیکە دا، هەڵبەت ئێستا بۆ ھەموولایەن و ئەو ھێزانە یەکلا بووەتەوە کە بەبێ (سەرۆک بارزانی) ئەستەمە ھیچ پرسێک چارەسەر بکەن. ئەوان گەیشتوون بەو باوەڕەی کە (سەرۆک بارزانی) دەتوانی رۆڵێکی سەرەکی ھەبێ لە چارەکردنی ھەموو کێشەکاندا."

بڵند ئیبراھیم