Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەوڵەتی کوردستان لە جیۆگرافیای سنووری ستەم و سنووری خوێندا.. تێگەیشتنێک لە تێزی ڕالف پیتەردا

تەنیا کوردی
دەڵێن، 28 دەوڵەتی ڕۆژئاوا لەگەڵ سەربەخۆییی کوردستاندا نین، لێرەوە بەر لەوەی بێمە سەر ئەو دەوڵەتانەی کە پاڵپشتی دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان دەکەن، دەمەوێ تێگەیشتنێکی نوێ بۆ جیۆگرافیای شوێن و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان له‌سه‌ر خاكی باشووری كوردستاندا لە زمانی توێژەرانەوە ڕوون بکەمەوە؛ دواتریش بۆ گشت ئەوانەی کە دەیانەوێ ڕای گشتی لەوە تێبگەینن کە دەوڵەتی کوردستان بێ پاڵپشتییە، لەم شرۆڤەیەدا ڕوونی دەکەمەوە کام دەوڵەتانەن پاڵپشتی لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان دەکات.

سنووری خوێن
با جارێ لەم دەستپێکەدا بچینە خزمەت ئەو توێژەرانەی لە سیاسەت و جیۆگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوین  دەزانن؛ ئەوان لەسەر ئەو خاڵە کۆکن دەوڵەتی کوردستان بە ڕابەرایەتیی (مەسعوود بارزانی) دروست دەبێ؛ دەوڵەتێک کە پایتەختی هەولێرە و لە داهاتوویشدا ڕووبەری خاکەکەی زیاتر لەوەی کە چاوەڕوان دەکرێ فراوانتر دەبێ.
(ڕالف پیتەرز) جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هەواڵگریی سەربازی لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکادا، لە توێژینەوەیەکدا بۆ وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی نووسیوتی کە دەوڵەتی کوردستان لەسەر دەستی (بارزانی) لەدایک دەبێ.
هەر بەگوێرەی تێڕوانینی (ڕالف) گۆڕانکاریی ناوچەکە لە نەخشەی ئەمەریکادا بۆ عێراق و ئێران و پاکستان و ئەفغانستان و سووریا زانیاری ورد شیی کراوەتەوە؛ توێژینەوەکە ئاشکرای کردووە کە ئەو سنوورانەی لە سەرەمی سایکس‌پیکۆدا کێشران، هیچ دادێکی تێدا نەبوو؛ زۆربەی ئەو سنوورانەش وان کە دەکێشرێنەوە بە فەرمانی کۆمەڵگای دەولی دادپەوەریی تەواوی تێدا نییە، سنووری ستەم لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا کێشرا کاتێک کە ڕێککەوتنی سایکس‌پیکۆ ستەمێکی گەورەی لە کورد کرد و کوردی دابەشی سەر ئێران و عێراق و سووریا و تورکیا کرد؛ بەڵام ئێستا سنووری خوێن هەیە کە ''کورد لە هەرێمی کوردستاندا جارێکی دیکە سنووری خۆی دەکێشێتەوە''، سنوورەکە ناو نرا بە سنووری خوێن، چونکە پێشمەرگە بە خوێن وەریگرتەوە.

سنووری بەرژەوەندی
سنووری بەرژەوەندی، بەگوێرەی شرۆڤەی (ڕالف پیتەرز)، وڵاتانی ئەفریقا دەگریتەوە، چونکە لەو کاتەی داڕێژران ئەم سنوورە لەسەر بەرژەوەندیی ئەورووپا وێنا کرایەوە. ڕۆژهەڵاتی ناوین لەکاتی کێشرانی سنووری ستەمدا کەوتە کێشەی دینی و تایفی و نەتەوەیی و ستەمکردن لە پیکهاتەکان و، داگیرکاریی نەتەوەیی و توندوتیژی و بۆشایی ئەمنی و نەبوونی سەقامگیریی سیاسییەوە. دەزانین کە لە کێشانی سنووری ستەمدا کە گەورەترین زەرەرێکی سیاسی و جیۆگرافیا بەر گەلی کورد کەوت، بۆیە لە کێشانی سنووری خوێندا گەورەترین سوود بەر گەلی کورد دەکەوێ.

گۆڕانکاری لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین
ئەوەیش دەزانین کە سنوورەکان ئەگەرچی لە جەستەی جیۆگرافیای هەندێ دەوڵەت وەهان کە جێگیر کراون، بەڵام لەگەڵ بەهاری عەرەبی و هاتنی داعشدا، ئیدی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە سنوورەکان دەگۆڕدرێن و ئیدی جێگیر نین، کورد کە گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتە لە هەموو جیهاندا لە گۆڕانکاریی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناویندا جیۆگرافیاکەی دەبێتە دەوڵەت!. ئەمەریکا ستەمێکی گەورەی لە خۆی کرد لەوکاتەی کە دەستی بەسەر بەغدادا گرت، لە 2003دا بیرۆکەیەکی وا هەبوو کە یەکڕاست عێراق بکرێتە 3 دەوڵەت! دەوڵەتی کوردی و سوننی و شیعی! بەڵام ئەمەریکا هەم ستەمی لەخۆی کرد کە ئەم بیرۆکەی جێبەجێ نەکرد، هەمیش ستەمی لە کورد کرد کە دەرفەتی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لەو کاتەدا نەدا.

دروستکردنی دەوڵەتی گەورەی کوردستان لە هەولێر بۆ دیاربەکر و تا تەبرێز و قامیشلۆ گەورەترین دەوڵەتێک دەبێ بۆ هەماهەنگی ئەو دەوڵەتە لەنێوان ئەورووپا و ئەمەریکا لە نێوان ناوچەی بولگاریا و یاباندا، کە (رالف) نەخشە سەربازییەکەی داوەتە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و ئیدی ئەمە بووەتە دیفاکتۆ کە ئەگەری روودانی هەیە.
ئەمەیش دەزانین کە، دابەشبوونی عێراق گەورەترین دادپەروەرییە بۆ سەر سێ دەوڵەت و رێککەوتنی ئەنگلۆی ئەمەریکا و ئیسرائیل و، هەروەها رێککەوتنی ئەنگلۆی فەرەنسایش هەمان بۆچوونی هەیە کە دەبێ دەوڵەتی کوردستان دروست ببێ.

لێرەوە با بگەڕێینەوە بۆ ئەو دەوڵه‌تە ئیسلامیانەی کە سعودییە دۆستایەتیی لەگەڵیاندا هەیە و ڕابەرایەتییان دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، زۆرینەیان پاڵپشتی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی دەکەن. ئەم دەوڵەتانە بریتین لە سعوودیە، قەتەر، ئیمارات، کوێت، ئەندەنووسیا، جەزائیر، لیبیا، مالیزیا، ئوردن، بەحرێن، جیوبۆتی، تاجێکستان، ئەفغنستان، توونس، عەممان، سوماڵ، مەغریب، تەنزانیا، کینیا، توگو، میسر، مۆریتانیا، چاد، ساحل عاج، لەسەر زمانی ڕاوێژکاری پێشووی شای سعوودیه‌ (د.ئەنوەر عەشقی)دا هاتووە کە ژمارەکە بریتییە لە 34 دەوڵەت کە پشتگیری لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان دەکەن بە سەرۆکایەتیی (مەسعوود بارزانی).

ئەوەش زانراوه‌ کە ئەو دەوڵەتانەی پشتگیریی سەربەخۆییی کوردستان دەکەن لە ڕۆژئاوادا بریتین لە: ئەڵمانیا، ئیتالیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیسپانیا، ئۆکراینا، پۆڵەندا، هۆلەندا، بەلجیکا، سوێد، چیک، نەمسا، سویسرا، فنله‌ندا، کڕواتیا، دانمارک، فاتیکان، ئەرمینیا، ڕووسیا کە زۆربەی ئەو وڵاتانە لە پەرلەمانی ئەورووپا و لە ڕێگەی نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان یان لە زمانی کەسایەتییە سیاسییەکانیانەوە پشتیوانیی خۆیان بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان دووپات کردووەتەوە. ده‌ی كه‌واته‌ پێمانبڵێن کامەن ئەو 28 دەوڵەتە؟.

جگە لەم وڵاتانەیش هەریەک لە ئەمەریکا و ئیسرائیل پشتگیری لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان دەکەن. چەند لێدوانێک وه‌بیر خوێنه‌ر ده‌هێنینەوە:
(باراک ئۆباما): ئێمە لاریمان نییە لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان و لە داخوازییەکانی کوردیش دەگەین بۆ ئەو مەبەستە.
(جۆ بایدن) بۆ (بارزانی): له‌ ته‌مه‌نی من و تۆدا ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌بینین.
(جۆن کێری): ئەمەریکا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستاندا نییە و کوردەکانیش خۆیان دەزانن کە کاتەکە گونجاوە بۆ دەوڵەتبوون یان نا.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا: پێوەندیی گەلی ئەمەریکا و گەلی کورد زۆر بەهێزە و، پشتگیری لە داخوازیییەکانی گەلی کورد دەکەین کە سەربەخۆییە.
راوێژکاری (دۆنالد ترەمپ): (ترەمپ) پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکات.
(هێلاری کلینتۆن): پشتگیری لە کورد دەکەم.
(رێند پال): دەبێ ئەمەریکا پشتگیری لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان بکات لە ناوچەکەدا، چونکە بۆ سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوین پێویستە.
ئێستا دەپرسین، ئەو 28 دەوڵەتانە کێن کە ڕۆژئاوایین و دژی سەربەخۆییی کوردستانن؟