Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەربەخۆیی و تەجرەبەی گەلان

عەبدولڕەزاق عەلی

لەم كاتەدا، كە پرسی سەربەخۆیی بووەتە پێشەنگی دیمەنی سیاسیی كوردستان، هەموو كوردستان، دەكرێت ناكۆكییە نێوخۆییەكانمان لە بارەی ئەم پرسەوە بە ئاسایی ببینین، هەرواش مامەڵەیان لە تەكدا بكەین؟ بەو مانایەی ڕێكنەكەوتنمان لەسەر سەربەخۆیی، وەك ناكۆكییەكی سیاسیی ئاسایی وەرگرین، دوور لە تەخوین و داشۆرینی یەكتری. وەڵامی ئەم پرسیارە حەتمەن بەڵێیەكی مەرجدارە: ئەگەر ناكۆكییەكانمان سەرنەكێشن بۆ ئاستەنگ دروستكردن و ئێش لە یەكترتێكدان. ڕاستینەكانی سەر ئەرز پێمان دەڵێن، بەڵێ ئێمە لە نێوخۆی كوردستاندا، جیا لە پرسی سەربەخۆیی، ناكۆكی، بگرە قەیرانێكمان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دوو خاڵی ئیجابی تێدا بەدی دەكرێت: دابەشبوونەكە لەسەر ئەسڵی پرسی سەربەخۆیی نییە، دووەم، دابەشبوونەكە، دابەشبوونی دەستەبژێری سیاسییە، نەك كۆمەڵگەی كوردستان.

دابەشبوونی نوخبەی سیاسی لەسەر ئەوەیە بەرەیەك پێیوایە ناكرێت بەم بارە لارە قەیراناوییەوە، بڕیاری سەربەخۆیی بدەین، چونكە یەكەمین مەرجی سەربەخۆیی یەكگرتوویمانە، بەرەكەی تریش پێیوایە، بارودۆخی ئێستای كوردستان و ناوچەكە و دنیا، بە پێشهاتەكانی شەڕی داعشیشەوە، دەرفەتێكی دەگمەنی بۆ ڕەخساندووین،

دەبێت ئێستا و لێرە، بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین، چونكە ئەم بارودۆخە كاتییە، ئەگەر تێپەڕی، شەمەندەفەرەكە جێماندێڵێت، ئەودەم تاكە لایەنی سەركەوتووی ئەم جەنگە جیهانییە دەبین، وەك جەنگی جیهانیی یەكەم و دووەم، دەستبەتاڵ دەردەچینەوە. هاوزەمان، ئەم بەرەیە لەو باوەڕەدایە، ئەگەر بەرەو سەربەخۆیی بڕۆین و بڕیار بدەین، زۆر لە ناكۆكییەكانی ترمان تێدەپەڕێنین، ئەسڵەن زۆربەی ناكۆكییەكان زەمانە جێیان دێڵێت و دەبنە بەشێك لە مێژوو، ئەو كێشە و خیلافاتەش كە دەمێننەوە، لە لایەك ئاسایین و بەشێكن لە بزاوی هەر كۆمەڵگەیەكی مرۆڤایەتی، لە لایەكی تریشەوە بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار كاڵ دەبنەوە.

بە لای بەرەی سەربەخۆییەوە، گرینگ ئەوەیە، ڕێك بین و ناكۆك بین، لە نێو ماڵەكەی خۆمانداین و هەموو كێشە و ناكۆكییەكان، یەكەم قابیلی چارەسەرن، دووەم، مەترسیی لەسەر بوون و داهاتوومان دروست ناكەن، چونكە خاوەنی سەروەرین. ئەڵبەت، بانگەشەی سەربەخۆیی داهێنانێكی نوێی گەلی كوردستان نییە، پێش ئێمە سەدان گەلی بندەست ڕزگار و سەربەخۆ بوون و دەوڵەتی خۆیان دامەزراندووە، دوای ئێمەش گەلانێكی تر هەن چاو لەوانەی پێشتر و ئێمە دەكەن.

دەمەوێت بڵێم، ئێمەی یەكەمین گەلی دنیا نین كە دەمانەوێت بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین و دوایینیش نابین. كەواتە؛ تەجرەبەی كاروانی سەربەخۆیی گەلانی پێش خۆمان، سەرچاوەیەكی باشی دەرسوپەندوەرگرتن و بڕیاردانی دروستە. ڕەنگە دیارترین خاڵی ناوكۆیی تەجرەبەی تێكڕای گەلانی ڕوو لە سەربەخۆیی و دەوڵەتانی كۆن و تازەڕسكاوی دنیا، ئەو ڕاستینە سادە و ساكارە بێت كە: هەموو گەلانی دنیا، وەك ئێمە، ناكۆكی و خیلافاتی نێوخۆیان هەبووە لەسەر هەموو لایەنەكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كەلتووری، بە بڕیار و هەنگاوی سەربەخۆبوون و ڕاگەیاندنی دەوڵەتیشەوە، كەچی كە قافی هاتووە، لایەنگرانی سەربەخۆیی بڕیاری سەربەخۆیی و ئیعلانی دەوڵەتیان داوە و سەریشكەوتوون.

تاكە مەرج ئەوە بووە؛ هاوبەشەكانیان لە نیشتیماندا، ئەگەر هاوڕا و هاوكاریشیان نەبووبن، ئاستەنگیان بۆ درووست نەكردوون و ئیشەكەیان لێ تێكنەداون.

ئەم ڕاستینە مێژووییەی گەلان و دەوڵەتانی ئەمڕۆی دنیا، كتومت بۆ كوردستانیش ڕاستە.

بە وردبوونەوەیەكی كەم لە مێژووی تەواوی دەوڵەتانی ئەمڕۆی دنیا، دەردەكەوێت، دەوڵەتان، یان بەرەنجامی شەڕن، یان بڕیارێكی خۆڕسك. بۆ ئەمڕۆی كوردستان، هەردوو فاكتەرەكە ئامادەن: كوردستان، ئەمڕۆ، یان سبەینێیەكی نێزیك، وەك لایەنێكی سەركەوتووی شەڕی جیهانیی داعش دەردەچێت، هاوزەمان ئیرادەیەكی سیاسی و میللیش هەیە بۆ ڕزگاربوونی یەكجارەكی لە بندەستی و ڕۆیشتن بەرەو سەربەخۆیی.