Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ، ستاییشی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمیان كرد

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریاندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شاندێكی ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ  باسیان لەو تەحەدیاتە كرد كە لە ئەنجامی شەڕی تیرۆریستانی داعش ڕووبەڕووی خەڵكی كوردستان بۆتەوە و پێزانینی خۆیان بۆ دڵفراوانیی خەڵكی كوردستان و میوانداریی سەدانهەزار پەنابەر خستەڕوو و ستاییشی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمیان كرد بۆ ڕاگرتنی سەقامگیری و ئاساییش و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، ئەویش لەو بارودۆخە ئاڵۆز و دژوارەی لە ئەنجامی پەلاماردانی تیرۆریستان هاتۆتە كایەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە 28ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەدین، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا كرد كە پێكهاتبوو لە كینس ڕۆت بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ڕێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ و سارا  لیە ویتسن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەشی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیای ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ و کریستۆف وڵک گەورە لێکۆڵەر لەبەشی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیای ڕێکخراوەکە.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان باسیان لەو تەحەدیاتە كرد كە لە ئەنجامی شەڕی تیرۆریستانی داعش ڕووبەڕووی خەڵكی كوردستان بۆتەوە و پێزانینی خۆیان بۆ دڵفراوانیی خەڵكی كوردستان و میوانداریی سەدانهەزار پەنابەر خستەڕوو و ستاییشی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمیان كرد بۆ ڕاگرتنی سەقامگیری و ئاساییش و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، ئەویش لەو بارودۆخە ئاڵۆز و دژوارەی لە ئەنجامی پەلاماردانی تیرۆریستان هاتۆتە كایەوە.

دواتر بۆچوونی خۆیان لەبارەی بارودۆخی ناوچە ئازادكراوەكان و مامەڵەی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ ئەو ناوچانە بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و وێڕای پێزانینیان بۆ ڕێنوێنی و فەرمانەكانی سەرۆك بارزانی بۆ ڕەچاوكردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی شەڕ، داوایان كرد ڕێگە لە پێشێلكاری بگیرێت و ئەوەیشیان خستەڕوو كە پێگە و ناوبانگی خەڵكی كوردستان بۆ لێبوردەیی و پێكەوەژیان و ڕەچاوكردنی بنەماكانی مافی مرۆڤ دەگەڕێتەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونی تیمەكانی چاودێریكردنی مافی مرۆڤی كرد و ئامادەیی تەواوی دامودەزگەكانی هەرێمی بۆ هاوكاری و هەماهەنگی كردن لەگەڵ ئەو ڕێكخراوە ڕاگەیاند و ئەوەیشی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە تیرۆریستانی داعش وەحشیگەرییەكی گەورەیان نواند و برینێكی قووڵیان لە جەستەی خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكان دروست كرد. لەگەڵ ئەوەیشدا سیاسەت و نەهجی گشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەچاوكردنی بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی و یاساكانی جەنگ و پێوەرەكانی مافی مرۆڤە لە شەڕی تیرۆریستان. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان بە درێژایی مێژووی خەباتی خۆی تەنانەت بۆ یەكجاریش پەنای بۆ كردەی تیرۆریستی نەبردووە و هەمیشە لە خەباتی خۆیدا پابەندی پاراستنی بنەماكانی مرۆڤسالاری بووە.