Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كۆمیسیاری باڵای یەكێتیی ئەورووپا، سوودوەرگرتن لە بۆچوون و ڕاوێژەكانی سەرۆك بارزانی بە گرینگ زانی

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، كۆمیسیاری باڵای یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری مرۆیی و بەڕێوەبردنی قەیرانەكان، باسی لە بارودۆخی قەیراناویی عێراق و سووریا كرد و وەك هەڕەشەیەكی جددی بۆ ئاساییشی جیهانی لەقەڵەم دان و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و سوودوەرگرتن لە بۆچوون و ڕاوێژەكانی سەرۆك بارزانی بە گرنگ زانی چونكە دەبنە هۆی ئەوەی ئاراستەی ڕووداوەكان بزاندرێ و ڕێگە لە ڕوودانی هەڵەكان بگیرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە 28ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كریستۆس ستیلیاندێز كۆمیسیاری باڵای یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری مرۆیی و بەڕێوەبردنی قەیرانەكان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە پاتریك سایمونت باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری كاروباری مرۆیی یەكێتی ئەوروپا.
لە دیدارەكەدا كۆمیسیاری باڵای یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری مرۆیی و بەڕێوەبردنی قەیرانەكان باسی لە بارودۆخی قەیراناویی عێراق و سووریا كرد و وەك هەڕەشەیەكی جددی بۆ ئاساییشی جیهانی لەقەڵەم دان و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و سوودوەرگرتن لە بۆچوون و ڕاوێژەكانی سەرۆك بارزانی بە گرنگ زانی چونكە دەبنە هۆی ئەوەی ئاراستەی ڕووداوەكان بزاندرێ و ڕێگە لە ڕوودانی هەڵەكان بگیرێت. هەروەها سوپاسی خەڵكی كوردستانی كرد كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەری حەواندووەتەوە و ڕاشیگەیاند كە بۆ ئەوە هاتووە كە بزانن بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و گەشەپێدان چیی پێویستە و چۆنە مامەڵە لەگەڵ دۆخی پارێزگای نەینەوا بە تایبەت لە قۆناغی دوای داعشدا بكرێت و ئەوەیشی نەشاردەوە كە زۆر نیگەرانە لە چارەنووسی شاری موسڵ لە قۆناغی دوای داعش و ستاییشی حكوومەتی هەرێمیشی كرد كە لە بارودۆخێكی زۆر ئاڵۆزدا ڕێزی یاسا نێودەوڵەتییەكان دەگرێ و هەماهەنگە لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی شاندی میوانی كرد و لەبارەی چارەنووسی موسڵ لە دوای قۆناغی ئازادكردن ئەوەی دووپاتكردەوە كە بەهۆی بارودۆخی تایبەتی پارێزگای نەینەوا لەڕووی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و لەپێناو ڕێگەگرتن لە كارەساتی گەورەتر و پاراستنی پێكهاتەكان پێویستە بەر لە ئازادكردنی مووسڵ لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا ڕێككەوتنێكی سیاسی ئەنجام بدرێت و ئەگەر چارەسەرێكی ڕاستەقینە نەدۆزرێتەوە ئەوە بە دڵنیاییەوە كێشەكان لەوەی هەیە قووڵتر دەبێ.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا تیشك خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و باسیش لە بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا كرا.