Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. شۆڕش حه‌سه‌ن ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌: گوفتار و كرداری گۆڕان یه‌ك نییه‌

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێكی جڤاتی گشتیی گۆڕان دەستی لە كار كێشایەوە و رەخنە لە حزبەكەیشی دەگرێت بەوەی كە ئەو بزووتنەوەیە گوفتار و كرداری یه‌ك نییه‌ و، نەیتوانیوه‌ گۆڕانكاری لەنێو خودی خۆیدا بكات، كه‌چی دروشمی به‌ دیموكراتیزەكردن و بەدامەزراوەییكردنی دەسەڵاتی حوكمڕانی به‌رز كردووه‌ته‌وه‌.

(د.شۆڕش حه‌سه‌ن عومر) ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان لە ڕوونكردنەوەیەكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌وتووه‌، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە دەستەی سەرۆكایەتیی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان كردووە.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندی بە (د.شۆڕش حه‌سه‌ن عومه‌ر) كرد، بەڵام ڕەتی كردەوە ڕوونكردنەوەی زیاتر لە میدیاكاندا بدات و باسی لەوە كرد: "ئەوەی هەبێت لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەكەم لە ڕوونكردنەوەیەكدا نووسیومە كه‌ ده‌ست ئێوه‌یش كه‌وتووه‌، هۆكارەكانیش دیاری كراون؛ ئەگەر شتێكی تایبەتیش هەبا لە بارەی دەستلەكاركێشانەوەكەم ئەوا لەڕوونكردنەوەكەمدا ئاماژەم پێدەدا."
لەبارەی درێژەدان بە كاری سیاسی لە حزبێكی تردا (د.شۆڕش حه‌سه‌ن عومه‌ر) گوتی: "من مامۆستای زانكۆم و درێژە بە كاری خۆم دەدەم و چاوم لە پلەو پۆستی حزبی نەبووە، چییش لە پێناوی خزمەتكردنی میللەتەكەمدا بێت، پشتیوانیی لێ دەكەم لە هەر لایەكەوە بێت."

دەقی ڕوونكردنەوەكە
بۆ/ دەستەی سەرۆكایەتیی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان
ب/ دەست لەكار كێشانەوە
دووای سڵاورێز...
ئاگاداری بەرێزتان دەكەمەوە كە ئێمە بە فكر و كردەوە بەر لە دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان هەڵگری بیرۆكەی بە دامەزراوەییكردنی دەسەڵاتی حوكمران و پێویستی ئەنجامدانی گۆرانكاری بووین تیایدا، لە پێناو باشتركردنی ژیانی هاووڵاتیان و بەرژەوەندیی گشتیی كۆمەڵگا، بۆیەش لەگەڵ سەرهەڵدانی گۆران بەو بانگەشە و دروشمانەی كە یەكانگیر بوون لەگەڵ ویست و هەوڵەكانی ئێمە بە هەموو توانایەكمانەوە پێشوازیمان لێكرد، بەڵام بە داخەوە دواتر رۆژ دوای رۆژ زیاتر ئەو راستیەمان بۆ دەركەوت كە جیاوازیەكی زۆر هەیە لەنێوان گوفتار و كردای ئەو بزووتنەوەیە، بۆ راستی ئەو بۆچوونەشمان تەنا ئەوە دەخەینە روو كە ئەو بزووتنەوەیە نەیتوانی گۆرانكاری لەنێوخودی خۆیدا بكات وەك داوای بە دیموكراتیزەكردن و بەدامەزراوەیی كردنی دەسەڵاتی حكومرانی دەكرد، كە لانیكەم دەبوایە دروشم و بانگەشەكانی لەنێو ئۆرگانەكانی خۆیدا رەنگی دابوایەوە تا جیاوازتر دەركەوتبا لە بزووتنەوە سیاسییە كلاسیكییەكانی تری كوردستان. بۆیە دوای مانەوە و خۆراگرتنمان تا ئێستا لەبەر زۆر هۆكار و هەڵسەنگاندنمان بۆ هەنگاوە سیاسییەكانی بزووتنەوەكە، بەباشمانزانی كە بریاری دەستلەكاركێشانەوەی خۆمانتان پێرابگەیەنین لە بزووتنەوەكە، وە لەهەمانكاتیشدا هیوای پێشكەوتن و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین. هەر شاد بن لەگەڵ ریز و خۆشەویستیم...

د.شۆڕش حسن عمر
ئەندامی جڤاتی گشتی
28/6/2016

سەرباز واحد