Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

محەمەد کەمال: لە خوێنی گەنجە کەرکووکییەکە خۆش نابین

کەرکووک-KDP. info-  بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، لە ئاسایشی یەکێتییەوە بە یاسا شوێنی بکوژەکانی گەنجە کەرکووکییەکە دەگرین؛ گەر سوودی نەبوو، ڕێی دیکە دەگرینە بەر و، لە خوێنی ئەو کوژراوە خۆش نابین.

(محەمەد کەمال) ئەندامی لیژنەی ئاسایش‌وبەرگری و بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سێشەممەی ڕابردوو، دوو ئۆتۆمبێلی ئاسایشی یەکێتی بە چوارە کەسەوە چوونەتە سەر پردی دووی کەرکووک و، گەنجێکی (بارزان محەمەد)ناویان گرتووە و، بردوویانە بۆ ئاسایشەکەی قەرەھەنجیر و، بە جگەرە و ئوتوو داخیان کردووە؛ دیارە ئەو گەنجە وێنەی سەرۆک بارزانیی بەسەر لەشیەوە خاڵکوت کردبوو، ئەمانیش ڕێک مەبەستیان سڕینەوەی خاڵکوتەکەی بووە و، بە ئوتوو سووتاندوویانە! ئینجا ڕۆژی ھەینی لە گۆڕستانێکدا تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە و بردوویانە بۆ دادپزیشکی؛ جا بە گوێرەی یاسا ناشێ دەست لەو تەرمە بدرێ هەتا دەپشکنرێ، بەڵام ئەوەیشیان نەکردووە و، بەوەدا دیارە ئەو گەنجەیان بە ئەنقەست کوشتووە؛  جا ئەو کوژراوە هەر ھەر تاوانێکیشی کردبێت، نەدەبا بەو شێوەیە بکوژرێت؛ چونکە ئەوە کاری یاسایە حوکم بدات؛ بە ڕای ئێمە هەر لەسەر ئەو خاڵکوتانەی لەشی، یەکێتی کوشتوویانە."

گوتیشی: "خانەوادەی ئەو کوڕە سکاڵایان لە ئاسایشی خۆمان و لە بنکەی ئازادییشدا تۆمار کردووە."

(محەمەد کەمال) گوتیشی، ئێمە ھەموو ڕێکارێکی قانوونی دەگرینە بەر، گەر سوودی نەبوو ئەوکات ڕێکاری دیکە دەگرینە بەر و، لە خوێنی خۆش نابین؛ نەک تەنھا ئەو، بەڵکو ھەر ئەندامێکی دیکەی پارتییش بێت لە سەری دێینە دەنگ؛ خوێنی ھەر پارتییەک خوێنی ھەموو پارتییەکانە.

بڵند ئیبراھیم