Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كۆچەرەكان لە ترسی پەكەكە و بۆردوومان، دەستیان بە كۆچی پێچەوانە كرد

سیدەكان-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان رایگەیاند، ڕەوەند و كۆچەرەكان لە ترسی پەكەكە و بۆردوومان و تۆپباران دەستیان بە كۆچی پێچەوانە كردووە و، بەرەو گەرمیانەكان كۆچ دەكەن.

(كاروان كەریمخان)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "زۆرێك لە ڕەوەند و كۆچەرەكان كە سەردانی كوێستانەكانی سیدەكانیان كردبوو، لە ترسی پەكەكە و بۆردوومان و تۆپباران گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەمەیش زیانێكی زۆریان بەركەوت بە هۆی ئەوەی هێشتا وەرزی هاوینە و گەڕاونەتەوە بۆ گەرمیانەكان".

بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان، گوتیشی: "پێشتر لیژنەیەك پێك هێنرابوو بۆ كۆكردنەوەی زەرەروزیانەكان، زیانەكان كۆ كراونەتەوە بۆ ئەوەی ڕۆژێك لە رۆژان ئەو خێزانانەی زیانیان بەركەوتووە، قەرەبوو بكرێنەوە".

(كەریمخان) ئەوەیشی گوت: "چەندین جار لە رێگەی دانیشتووانی ناوچەكەوە، هێزەكانی پەكەكەمان ئاگادار كردووتەوە تا هەر هیچ نەبێت لە پێناو پاراستنی گیان و سەروماڵی گوندنشینان لە سنووری گوندەكان دوور كەونەوە بۆ ئەوەی نەبێتە ئامانجی وڵاتانی دەوروبەر، بەڵام هیچ سوودی نەبووە و پەكەكە هیچی جێبەجێ نەكرد".

ڕابین شێروانی