Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بزووتنەوەی ئیسلامیی: مالیكی لەلایەن سەركردەی حزبەكانەوە پێشوازی لێ كرا نەك خەڵك

هه‌ڵه‌بجه‌-KDP.info- ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان دەڵێ: "ئەوەی لە سلێمانی بۆ (نووری مالیكی) كرا، لەسەر ئاستی حزب بوو، بە پێچەوانەوە خەڵكی كوردستان لە هەڵوێستی (مالیكی) نیگەرانن، بۆیە خەڵك نایەوێت پێشوازی لێ بكات وەك ئەوەی لە هەڵەبجە بینیمان".

(ئەنوەر عەنەبی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان تا ئێستا كۆتاییمان بە پەیوەندی لەگەڵ عێراق نەهێناوە، بەڵام پەیوەندییەكانیشمان وەك جاران لەسەر هەمان گفتوگۆ نابێت، چونكە ئەوەی ئێستا دەیەوێت هەوڵی دروستكردنەوەی عێراق بدات (نووری مالیكی)ـیە، كە (مالیكی) رابردووی دیارە هۆكاری بڕینی قوتی خەڵكی كوردستان بووە".

(عەنەبی)  گوتیشی: "هەموو لایەنەكان دەبێت لەوە تێبگەن كە (مالیكی) لەم قۆناغەی ئێستادا سەركەوتوو نابێت، چونكە هەتا ئەو سەرپەرشتیی پڕۆژەی نیشتمانیی عێراق بكات قەد سەر ناگرێت و، نایشكرێت هیچ حزبێك وەك حزب بچێتە بەرەی (مالیكی)، بەڵكە كاتی ئەوەیە كە كورد ناوماڵی رێك بخات و بە یەكگرتووی بچێتە بەغدا و قسەی خۆی بكات".

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەشڵیت: "خەڵكی كوردستان لە هەڵوێستەكانی (نووری مالیكی) نیگەرانن، بۆیە هاتنی بۆ سلێمانی لەلایەن سەركردەی باڵای حزبەكانەوە پێشوازی لێ كرا نەك وەك خەڵك، چونكە لەجیاتی خەڵك حزبەكانیان كۆ كردەوە تا پێشوازی لێ بكەن".

 

كارزان سەباح هەورامی