Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی پێشمەرگە: تفەنگی پێشمەرگە بۆ كرێ نییە.. پێشمه‌رگه‌ له‌و شوێنانه‌ی ئازادی كردوون ناكشێته‌وه‌

هەولێر-KDP.info-  وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا پێوەست بە ڕێککەوتنی سەربازیی نێوان هەرێم و ئەمەریکا دەڵێ، کە وەزارەتی بەرگریی عێراق بە دەستکارییەوە ڕێککەوتنەکەی بڵاو کردووەتەوە.


لە 22ـی تەمووزی 2016 وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕوونكردنەوەیەكی دەربارەی یادداشتی لێكتێگەییشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا بە دەستكارییەوە بڵاو كردووەتەوە و هێزی پێشمەرگەی وەك هێزێك پێشان داوە كە لە بەرانبەر هاوكاریی ماددی و بە مۆڵەتی ئەوان بەشداری شەڕ دەبێت و بە مۆڵەتی ئەوانیش پاشەكشە دەكات، بە تایبەت لە بڕگەی پاشەكشە وای باس كردووە كە "لە بەرواری كاراكردنی یادداشتەكەدا هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی دیكەی هەرێم بەپێی خشتەیەكی زەمەنی كە حكوومەتی عێراقی دایدەنێ لە ناوچە ئازادكراوەكانی ئۆپه‌ڕاسیۆنی نەینەوا پاشەكشە دەكەن".  كە ڕاستییەكەی بەم شێوەیە: "لە ڕێکەوتی جێبەجێکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە بە دواوە، کشانەوەى پێشمەرگە و هێزەکانى ترى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەو ناوچانەى ئازاد دەکرێن لە هەڵمەتەکانی داهاتووی نەینەوادا بە گوێرەى نەخشەیەکى کاتیی دیاریکراو دەبێ کە هەردوو لا (حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان) لەسەرى ڕێک دەکەون و، بە شێوەیەکى ڕێکوپێک پاش ئەوەى ئارامیى دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ناوچانە". ئەم بڕگەیە بە هیچ شێوەیەك بەو مانایە نییە كە پێشمەرگە لەو شوێنانە پاشەكشە دەكات كە لەم دوو ساڵەدا ڕزگاری كردوون و پاشەكشەكردنەكە تەنیا شاری مووسڵ دەگرێتەوە.

ڕایشیدەگەیێنین كە یادداشتی لێكتێگەییشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و، ئەمەریكایش بەڵێنی فراوانكردنی هاوكاریی دارایی و پشتیوانیی ئاسمانی و دابینكردنی چەك و كەلوپەلی پزشكی و سووتەمەنی و خۆراك لە یادداشتەكەدا بە هێزی پێشمەرگە داوە. ئێمە سپاسی ئەمەریكا دەکەین پشتیوانی پێشمەرگەیە لە شەڕی داعشدا. لەگەڵ ئەوەیشدا هێزی پێشمەرگە ماوەی دوو ساڵە بێئەوەی هیچ لایەنێك هاوكاریی دارایی كردبێت شەڕی پاراستنی بەها و خاك و خەڵك و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كردووە و، شەڕی تیرۆر پڕەنسپیپێكی نەگۆڕی ئێمەیە و بەشێكە لە سیاسەتی سەربەخۆی هەرێمی كوردستان كە خاوەن قەزیەكی ڕەوایە و پەیوەست نییە بە هاوكاریی دارایی هیچ لایەك.

لە لایەكی ترەوە ئامادەبوونی پێشمەرگە بۆ شەڕی ئازادكردنی موسڵ شتێك نییە تازە بێت و بە یادداشتی لێكتێگەیشتن و هاوكاریی دارایی بەسترابێتەوە. ساڵێك زیاترە هێزی پێشمەرگە ئامادەی ئەو شەڕەیە، بەڵام هێزە عێراقییەكان ئامادە نەبوونە. چەند جاریش سەرۆك بارزانی جەختی لە ئامادەبوونی پێشمەرگە كردووەتەوە بۆ شەڕی ئازادكردنی مووسڵ.
هەروەها چەند مانگ بەر لە یادداشتی لێكتێگەییشتن لەپێناو ئامادەكاری بۆ شەڕی مووسڵ هەرێمی كوردستان ڕێگەی بە هێزە عێراقییەكان داوە لە مەخموور جێگیر ببن و ئەوەیش هەرهەمووی لەپێناو شەڕی تیرۆریستان و لەناوبردنیان. دوای سەرهەڵدانی ئەو قەیرانی دارایییەی هەرێمی كوردستان و باری قورسی شەڕ و بوونی ژمارەیەكی زۆری پەنابەر هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی بۆ چارەكردنی قەیرانی دارایی و دواكردنی هاوكاریی دارایی بۆ هێزی پێشمەرگە چڕ كردەوە و سپاسی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكەین كە بە پیر ئەو داوایەی هەرێمەوە هاتووە."

بە هەموو لایەكیش ڕادەگەیێنین كە تفەنگی پێشمەرگە بۆ كرێ نییە، تفەنگی پێشمەرگە تەنیا بە بڕیاری گەل و لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندا تەقە دەكات و مۆڵەت لە كەسی تر وەرناگرێت و ئەگەر چەند كەسێك لە بەغدا وا ئەزانن تفەنگی پێشمەرگە بۆ كرێیە و بە مەرج و مۆڵەتی ئەوان یان كەسی ترە، ئەوە بە هەڵەدا چوونە و هەر كاتێكیش هەست كرا مامەڵەی نابەجێ لەگەڵ قارەمانێتی و قوربانیدانی پێشمەرگەدا دەكرێت، ئەوا پێشمەرگە سەرجەم هەماهەنگی و كارە هاوبەشەكانی لەگەڵ هێزە عێراقییەكان ڕادەگرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە
23/7/2016