Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ میرانی: ڕێگە چارە گفتوگۆكردنی لایەنەكانە

هەولێر-KDP.info-  سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێشوازی کونسووڵی شانشینی ئوردەن پێوەست بە ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد دەڵێ، ڕێگە چارە گفتوگۆكردنی لایەنەكانە.


ئەمڕۆ لە بارەگای  (م.س) پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەڵاحەددین فازڵ میرانی سكرتێری مەکتەبی سیاسی پێشوازی کونسووڵی شانشینی ئوردنی (هەیسەم ساڵح ئەبولفول) لە هەولێر كرد. وێڕای بەخێرهێنانی کونسووڵی ئوردن، فازڵ میرانی پیرۆزبایی لێ كرد بە بۆنەی دەستبەكاربوونی و هیوای سەركەوتنی بۆی خواست لە ڕاپەراندنی ئەركەكانیدا و، ئامادەیی پارتی دیموكراتی كوردستان نیشان دا بۆ هەموو هاوكاری و ئاسانكارییەك.

سكرتێری مەكتەبی سیاسی تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئێستای كوردستان و عێراق و ناوچەكە و دواپێشهات و ڕووداوەكانی گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی و ئەم سەركەوتنانەی كە هێزی پێشمەرگە تۆماری دەكات دژی تیرۆریستانی داعش و جەخت لەسەر هەوڵەكانی جەنابی سەرۆك مسعوود بارزانی كرد بۆ وەرگرتنی بیروبۆچونی لایەنە سیاسییەكان بۆ خۆشكردنی زەمینەیەكی گونجاو بۆ كۆبوونەوەیان و ڕێكخستنی ناوماڵی كورد و لە لای ئێمە لە پارتی ڕێگەچارە گفتوگۆكردنی لایەنەكانە لە پێناو چارەسەركردنی كێشەكان.

لە لای خۆیەوە کونسووڵی شانشینی ئوردن سوپاسی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و جەختیش لەسەر دۆستایەتی نێوان گەڵی كوردستان و گەلی ئوردون كرد، هەروەها ستایشی ڕۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرگری كردن لە بەهاكانی بەرزی مرۆڤایەتی كرد. سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی کرد كە زۆر بە دڵفراوانی یارمەتیی ئەو هەموو ئاوارە و لێقەومایان داوە، كە نیشانەی ڕەوشتبەرزیی گەلی کوردە.

لە كۆتاییدا فازڵ میرانی سوپاسی شانشینی ئوردنی كرد بۆ هاوكاریكردنی گەلی كورد و پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئوردنی بە پەیوەندییەكی تایبەت و دۆستانە و مێژینە زانی كە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕەحمەتی جەنابی بارزانی نەمر و ڕەحمەتی شا حسێن و جەختیشی لە قووڵتركردنەوەی ئەم پەیوەندیانە كردەوە كە لە قازانجی هەردوو گەلدا دەبێت.