Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ میرانی: هەوڵی جیددی بۆ دۆزینەوەی چارەی کێشەکانی نێو ماڵی کورد هەن

هەولێر-KDP.info-  سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێشوازی شاندێکی ئەمەریکاییدا دەڵێ، خۆشبەختانە هەوڵی جیددی هەن بۆ دۆزینەوەی چارەی گونجاو بۆ كێشەكانی ناو ماڵی كورد؛ گرینگە هەرچی زووتر ناوماڵی كورد ڕێك بخرێتەوە.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەلاحەدیندا فازڵ میرانی سكرتێری مەکتەبی سیاسی، پێشوازی لە جێگری باڵیۆزی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عێراق (جونپان كوهین) و کونسووڵی نوێی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كین گروس و شاندی یاوەری كرد.

وێرای بە خێرهێنانی شاندی مێوان فازڵ میرانی خۆشحاڵی خۆی دەربری بۆ ئەم دیدارە و تیشك خرایە سەر ڕەوشی ئەمڕۆی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و دواپێشهات و گۆڕانكارییەكان و ئەو تەنگەژانەی كە دەكەونە بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەردوو لا جەختیان لە بەدیالۆگ چارەکردنی كێشەكان كردەوە.

فازڵ میرانی دووپاتی كردەوە كە خۆشبەختانە هەوڵی جیددی هەن بۆ دۆزینەوەی چارەی گونجاو بۆ كێشەكانی ناوماڵی كورد و گرینگە هەر چی زووتر دەبێ ناوماڵی كورد ڕێكبخرێتەوە.

هەروەها سكرتێری م. سیاسی، سوپاسی خۆی بۆ حكوومەت و گەلی ئەمریكا دەربڕی كە بەردەوام هاوکاریی هێزی پێشمەرگە دەكەن و ڕوونیش كردەوە كە هێزی پێشمەرگە  بۆتە سیمبۆلی پاراستن و بەرگری لە هەموو جیهان و بەها جوانەكانی مرۆڤایەتی و دیموكراسی و ئازادی و، پێویستە یارمەتی زیاتر بدرێین بۆ ڕووبەرووبونەوەی ئەو گروپە تیرۆریستەی كە هەڕەشەی لەسەر هەموو جیهان دروست كردووە.
لە لای خۆیەوە جێگری بالیۆزی ئەمریكی سوپاسی (م. س) پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سوپاسی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان كرد بۆ هاوكاریكردنیان و (كین گروس)ی وەك كۆنسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی كوردستان دایە ناسین و هیوای خواست كە سەركردایەتیی پارتی هاوكاری بن بۆ ڕاپەراندنی ئەركەكانی.

لە كۆتاییدا فازڵ میرانی سوپاسی جونپان كوهینی كرد و، دەستخۆشیی لێ کرد بە كۆتاییهاتنی كارەكانی لە عێراق كە بە دڵسۆزانە ئەم ماوەیە كاری كردووە و، هیوای خواست لە كارەكانیدا سەركەوتوو بێت و هەروەها بەخێرهاتن و پیرۆزبایی لە (كین گروس) سەركۆنسوڵی نوێی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆی خواست و ئامادەییی پارتی دیموكراتی كوردستانی بۆ هاوكاریكردنی دەربڕی.