Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: پێشمەرگە دەیانساڵە لەپێناو قەزییەكی ڕەوا و پاراستنی وڵاتەكەی شەڕ دەكات.. بەهای دڵۆپەیەك خوێنی بە هیچ شتێك ناپێورێت

هەولێر-KDP.info-  (سەرۆک بارزانی) لە پێشوازی شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق رایگەیاند کە پێشمەرگە دەیانساڵە لەپێناو قەزییەكی ڕەوا و پاراستنی وڵاتەكەی شەڕ دەكات و بەهای دڵۆپەیەك خوێنی پێشمەرگە بە هیچ شتێك ناپێورێت.

ڕۆژی شەممە 23ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا كرد بە سەرۆكایەتیی جاناتان كۆهن جێگری باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق.
لە دیدارەكەدا جێگری باڵیۆزی ئەمەریكا كە كۆتایی بە ئەرك و كارەكانی هاتووە و بە مەبەستی ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانی كردووە، خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا كە لە ماوەی كاركردنیدا بەشداری كاری هاوبەش و هەماهەنگی وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان بووە و ئەوەی بە شەرەفێكی گەورە زانی و لەبەرانبەریشدا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا.

هەر لەم دیدارەدا باسی بارودۆخی سیاسیی ناوچە و دوا گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق كرا و ڕۆشنایی خرایە سەر ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ و هەروەها كۆنفڕانسی وڵاتانی هاوپەیمان لە شەڕی دژی داعش لە شاری واشنتن و سەرۆك بارزانی نیگەرانیی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند لەبارەی مامەڵەی نابەجێی حكوومەتی عێراقی و خەمساردیی هاوپەیمانان بۆ بەشداربوونی شاندی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسەكەدا و ئەوەیش لە حاڵێكدایە كە پێشمەرگە هێزی سەرەكیی شەڕی تیرۆریستانی داعشە و ڕایگەیاند كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو قارەمانانە گیانی خۆی فیدا كردووە و تیرۆریستانی داعشی تێكشكاندووە و ئەوەیش لەپێناو پاراستنی خاك و كەرامەتی گەلەكەی و پارێزگاریكردن لە بەهاكان، بە بێ ئەوەیهیچ لایەك هاوكاریی دارایی پێشكەشی پێشمەرگە كردبێت. پێشمەرگە دەیانساڵە لەپێناو قەزییەكی ڕەوا و پاراستنی وڵاتەكەی شەڕ دەكات و بەهای دڵۆپەیەك خوێنی پێشمەرگە بە هیچ شتێك ناپێورێت.

لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە هۆشیاریی گەلی كوردستان و ڕای گشتی لە ئاستێكی باڵا دایە و سەرباری بوونی ناكۆكیی سیاسی، حزبەكان پابەندی ئامانجە ستراتیژییەكانی گەلی كوردستانن.