Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەغدا دەرمانی پێویست بۆ كەركووك دابین ناكات

كەركووك-KDP.info- نەخۆشخانە و فەرمانگە تەندروستییەكانی كەركووك بە دەست كەمیی دەرمانەوە نەخۆش بەڕێ دەكەن و، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگاكەیش دەڵێ: "پێشمەرگەیەك بە هۆی نەبوونی دەرزی دژەژەهرەوە خەریكبوو گیانی دەرچێ".

(جوان حەسەن) سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حكوومەتی بەغدا دەرمان و پێداویستیی پزیشكی بۆ پارێزگای كەركووك نانێرێ، ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی زۆر جار لە نەخۆشخانە و دەستگا تەندروستییەكان دەرمانی پێویست بۆ هاووڵاتیان نەبێت، لە ماوەكانی رابردوو دوو كەس بە هۆی ژەهری دووپشكەوە گیانیان لە دەست داوە و دەرزی دژەژەهر نەبووە، بەر لە سێ رۆژ پێشمەرگەیەك لە سەنگەری بەرگری دا مار پێوەی داوە و لە نەخۆشنانە دەرزی نەبووە، ناچار لە دەرەوە بۆی دابین كراوە".

(حەسەن) گوتیشی: "بەغدا پیداویستیی كەرتی تەندروستی بۆ كەركووك دابین ناكات و كڕینی دەرمانیش لە دەستەڵاتی ناوەندە نەك پارێزگا، بوودجەیەكیش نییە بۆ كڕینی داوودەرمان، ئەوەی دەمێنێتەوە رێكخراوە نیودەوڵەتییەكانن، ئەوانیش زۆر جار بە پێی بەرنامە و پلانی خۆیان كار دەكەن و هەموو پێداویستییەك دابین ناكەن، داوا لە هەرێمی كوردستان دەكەین هاوكاری كەركووك بێت بۆ دابینكردنی دەرمان و كەلوپەلی پزیشكی".

قائید میرۆ