Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرەی توركمانی: لەگەڵ سەرۆكی هەرێمداین.. نامانەوێت مووسڵ هاوشێوەی ئەنبار و فەلوجەی لێ بێت

هەولێر-KDP.info- بەرەی توركمانی رایدەگەیێنێت: "ئێمە ١٠٠% پشتگیری لە داواكەی (سەرۆك بارزانی) دەكەین لەبارەی بوونی رێككەوتنێك لە نێوان هەموو لایەن و پێكهاتەكان سەبارەت بە رزگاركردنی مووسڵ، چونكە نامانەوێت مووسڵ هاوشێوەی ئەنبار و فەلوجەی لێ بێت".

ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی (ئایدن مەعرووف)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێویستە پێش ئەوەی پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ دەست پێ بكات، رێككەوتنێك لە نێوان هەموو لایەن و پێكهاتەكان بكرێت لەبارەی  رزگاركردنی مووسڵ و ئاییندەی ئەو شارە، لەبەر ئەوەی ناكرێت هاوشێوەی ئەنبار و فەلوجە وێران بكرێت، هەر بۆیە دەوڵەتی یاسا دژی ئەورێككەوتنەیە، چونكە دەیانەوێت هاوشێوەی ئەو شارانەیان لێ بكەن".

(مەعرووف) گوتیشی: "مووسڵ شارێكی زۆر گرینگە، لەبەر ئەوەی زۆر پێكهاتەی لێیە و كاتێكیش داعش هات ئەو پێكهاتانە كرانە ئامانج و سوپای عێراقیش نەیتوانی ئەو پێكهاتانە بپارێزێت، بۆیە لە ئێستادا پێویستە خۆمان ناوچەكانی خۆمان بپارێزین و هەموو پێكهاتەكان بەشداری لە پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵدا بكەن".

ئەو بەرپرسەی بەرەی توركمانی زیاتر گوتی: "ئێمە ١٠٠% پشتگیری لە داواكەی (سەرۆك بارزانی) دەكەین لەبارەی ئەوەی رێككەوتنی پێشوەختە هەبێت، چونكە نزیكەی نیو ملیۆن توركمان لە ناوچەكانی تەلەعفەر و مەحلەبییە و چەند ناوچەیەكی دیكە هەیە، بۆیە ئێمە پێكهاتەیەكی گرینگین لە ناوچەكە و ناكرێت پشتگوێ بخرێین".

دەشڵێت: "رزگاركردنی مووسڵ ئاسانە، بەڵام لە دوای رزگاركردنی ئیدارەكردنەكەی زۆر زەحمەتە، بۆیە پێویستە ئەو رێككەوتنە هەبێت بە بەشداریی هەموو پێكهاتەكان. هەروەها پێویستە ئیدارەیەكی هاوبەش یاخود ئیدارەیەكی كاتی هەبێت بۆ ئەوەی لە دوای رزگاركردنی مووسڵ، ئەوناوچانە بەڕێوە ببات، چونكە گەر بەو شێوەیە نەبێت، مەترسی لەسەر ئەوپێكهاتانە دروست دەبێت".

بڵند ئیبراهیم