Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قۆناغی یەكەمی پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ كۆتایی هات

مووسڵ-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری بە وەكالەت‌ لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیێنێت، قۆناغی یەكەمی پرۆسەی ئازادكردنی شاری مووسڵ كۆتایی هاتووە و، بەم زووانەیش قۆناغی دووەم دەست پێ دەكات و بنكەی ئاسمانی گەیارەیش خاڵی دەستپێك دەبێت بۆ ئەم قۆناغە.

(هاشم بریفكانی)، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "قۆناغی یەكەمی پرۆسەی ئازادكردنی شاری مووسڵ ئێستا بە كۆتا هاتووە كە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی سەڵاحەددین و مەخموور گەییشتوون بە یەك لە بنكەی ئاسمانیی گەیارە و ئەو شوێنە گرینگە كەوتووەتە ژێر كۆنترۆڵیان، لە بەرنامەیشدایە بەم زووانە قۆناغی دووەمی پرۆسەی ئازادكردنی شاری مووسڵ دەست پێ بكات و بنكەی ئاسمانیی گەیارەش دەبێتە خاڵی دەستپێك بۆ ئەم قۆناغە."

(بریفكانی) گوتیشی: "لە بواری سەربازیدا، دەبینین ورەی گشت هێزەكانی بەشدار لەو پرۆسەیەدا بە سوپا و هێزی پێشمەرگەوە، زۆر بەرزە، لە بەرانبەریشدا ورەی تیرۆریستانی داعش رووخاوە و زۆربەی چەكدارەكانیان هەڵدێن لە ناوچەكان، لەنێو شاری مووسڵیش بارودۆخی تیرۆریستان زۆر ئاڵۆزە و، خەڵكیش ئێستا زیاتر هاوكار و پشتیوانن بۆ هێزەكانی سوپا و پێشمەرگە و هاوپەیمانان تا مووسڵ ئازاد بكەن".

سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری بە وەكالەت‌ لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئاماژەی بە لایەنی مرۆڤایەتیش كرد و گوتی: "لە رووی مرۆڤایەتییەوە دوو كەمپ لە سنووری مەخموور بۆ ئاوارەكان دروست كراون و هاوكاری زۆر گەیەنراوەتە ئەو خەڵكە، بەڵام رێژەیان زۆرە، بۆیە هاوكارییەكان وەك پێویست نین و حكومەتی خۆجێیی نەینەوایش ئەو توانایەی نییە و ناتوانێت یارمەتیی هەموویان بدات، بەمەش‌ گلەیی خەڵك زۆرە كە مافی خۆیانە، بۆیە لە رێگای ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە‌ داوا لە رێكخراوەكان و حكوومەت دەكەین هاوكاریی ئەو خەڵكە بكەن كە‌ بێ خواردن و خێوەتن و پێویستییان بە هاوكارییە".

 

نەشوان بەرزنجی