Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لە داهاتوویەكی نزیكدا ناوچەكە گۆڕانكاری بە خۆیەوە دەبینێ و كورد دەوڵەتە"

هەولێر-KDP.info- پسپۆڕێكی جوگرافیای سیاسی، ئاماژە بە زۆر خاڵی گرنگ دەكات لەبارەی گۆڕانكاریی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێی وایە، لە ئاییندەیەكی نزیكدا گۆڕانكاری بەرچاو لە عێراق و ناوچەكە بەڕێوەیە و دەڵێ: "نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە كراوە و تێیدا كورد دەوڵەتە و ئەمەریكا ئێستا سەرقاڵی جێبەجێكردنی نەخشەكەیە.

دكتۆر (خەلیل ئیسماعیل) پسپۆری جوگرافیای سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشبینی دەكرێت رووداوێكی بەپەلە ناوچەكە بگرێتەوە و لەبەر ئەوەیش پێشبینی دەكەین لە ئاییندەیەكی نزیكدا ئەم رووداو و گۆڕانكارییە بەدی بكرێت، بە تایبەت سوننە و شیعە هەروەها نێوانی هەرێم و ناوەند، ئەوەیش ئەوەمان پێ دەڵێ خۆمان بۆ ئەو گۆڕانكارییە ئامادە بكەین، واتە دەبێت كورد لە هەرێمی كوردستا خۆی رێك بخات و لە رێگەی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكەوە، ستراتیژییەتی خۆیان دیاری بكەن، بزانن چۆن لەگەڵ رووداوەكانی داهاتوودا مامەڵە دەكەن، ئەوەی لە توركیا رووی دا زەنگێكی زۆر گرینگە بۆ ئێمە بەوەی چاوەڕێ بكەین لە شوێنی تریش روو دەدات".

(ئیسماعیل) گوتیشی: "رەنگە بەیانی سەركردایەتیی بەغدا بگۆڕدرێت، دەبێت بزانین چەند لە بەرژەوەندیی كورددایە، ئەگەر لە بەرەژەوەندیی كورددا نییە چۆن دەبێت و كێ شوێنگرەوەی (عەبادی) دەبێت، دەبێ بە زیرەكانە لەگەڵ رووداوەكان هەنگاو بنێین، چونكە ناوچەكە لە گۆڕانكاریی گەورەدایە و پێشبینی زۆر گۆڕانكاریی گەورە دەكرێت".

ئەو پسپۆرەی جوگرافیای سیاسی دەیشڵێ: "لە ئێستادا ئەمەریكا سەرقاڵی جێبەجێكردن و داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ناوچەكەیە، بەڵام ئەمەریكا وەك ئێمە نییە پەلە بكات، من خۆم نەخشەی نوێی ناوچەكەم ماوەیەك لەمەوبەر بینیوە و تێیدا كورد دەوڵەتە و سنوورەكەیشی دیاری كراوە، پێویستە ئێمە لای خۆمانەوە پلانێك دابنێین ئەگەر بەیانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێك بوو لەسەر دامەزرادنی دەوڵەتی كوردستان، ئێمەیش ئامادە بین و ستراتیژی خۆمان هەبێت، سیاسەت بەرژەوەندییە و ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتگیری هەرێمی كورد ستان دەكات، بەرژەوەندیی ئەمەریكا لەوەدایە پشتگیریی كورد بكات، هەموو لایەك دەزانن كاتێك كاك (مەسعوود بارزانی) سەردانی سعوودیای كرد، چۆن پێشوازییان لێ كرد، لەبەر ئەوەی نزیكبوونێك لە نێوان میحوەری ئەمەریكا و سعوودیا و توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە، لەبەر ئەوە ئەمڕۆ ئەمەریكا  بەرژەوەندییەكانی وای لێ دەكات باشترین میللەت بۆ ئەو لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست، كورد بێت".

 

قائید میرۆ