Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فه‌ڕه‌نسا له‌ پشتگیریى سیاسى و ئابوورى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت

هەولێر-KDP.info-  لەمیانی دیداریدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان، وەزیری دەوڵەتی فەرەنسا بۆ كاروباری پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ئاماژەیی بە پشتگیری وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند کە پشتگیری سیاسی و ئابووری بۆ هەرێم بەردەوامیان دەبێ.

پێشنیوەڕی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21-7-2016 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە  ئاندرێ ڤالینی وەزیری دەوڵەتی فەرەنسا بۆ كاروباری پەرەپێدانی نێودەوڵەتی و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا  ڤالینی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و قارەمانیه‌تی و نەبەردیی پێشمەرگەی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان و پاراستنی هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستان لە دەستی تیرۆر دەربڕی و پشتیوانیی وڵاتەكەیشی بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر دووپات كردەوە، هەروەها سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد كە سەرەڕای قەیرانێكی قوڵی دارایی، پێشوازییان لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر كردووە و خزموتگوزاریی پێویستیان پێشكەش كردوون و لەمبارەیەشەوە پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان نیشان دا.
لە لایەكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێزیان پشتگیریی وڵاتەكەی لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا كە ئەوان لێكۆڵینەوە لەوە دەكەن بە چ شێوەیەك هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ دەربازوون لەو قەیرانە داراییە قورسەی كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، هەروەها پته‌وكردنى پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی كوردستانیشی لە هەموو بوارەكاندا دووپات كردەوە.
لای خۆیەوە  سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و وڵاتی فەرەنسای كرد بۆ ئەو هاوكارییە مرۆیی و سەربازیانەی پێشكەش بە هەرێمی كوردستانی دەكەن و سەرەخۆشیی خۆی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ كەسوكاری قوربانیانی كردەوە تیرۆرستییەكەی شاری نیسی فەرەنسا دەربڕی. پوختەیەكیشی دەربارەی ڕەوشی هەرێمی كوردستان و قەیرانى دارایی و هۆكارەكانی، پێشكەش بە شاندی میوان كرد و هیوای خواست بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، فەرەنسا وەك وڵاتێكی خاوەن ئەزموون هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات.

جەختی لەوەش كردوە كە مایەی شانازییە پێشمەرگە لە جیاتی هەموو جیهان ڕووبەڕووی دڕندەترین گرووپی تیرۆرستیی جیهان بووەتەوە و ئەوەی كە لە ده‌ستی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە بۆ حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر كردوویانە، بەڵام ئەم ڕەوشە لە تواناكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدەرە، بۆیە هەرێم پێویستی بە هاوكاریی زیاتری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە تا بتوانێت بە شێوەیەكی باشتر خزمەتگوزاری بۆ ئاوارە و پەنابەران دابین بكات.
ئاماژەی بە سەردانی  فرانسوا ئۆلاند سەركۆماری فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014 كرد كە سەردانەكە لە كاتێكدا بوو، تیرۆرستانی داعش هێرشیان بۆ سەر ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەستپێكردبوو و ئەمەش ئاماژەیەكی گرنگ بوو كە فەرەنسا پشتگیرییەكی تەواو لە هەرێمی كوردستان دەكات لە شەڕی دژی تیرۆر. ئەمە جیا لەوەی كە لە كۆبوونەوەی وڵاتانی گروپی G7دا، فەرەنسا ڕۆڵێكی گرنگی هەبوو كه‌ هاوكاریی ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو قەرزانەی بە عێراق دەدرێن، دابین بكرێت.
تاوتوێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ و قۆناغی دوای داعش و پرسە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و پته‌وكردنى زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.