Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری دەوڵەت بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی فەڕەنسا: دڵنیایین کە گەلی کوردستان سەردەکەوێت

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەوڵەت بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی فەڕەنسا بە سەرۆك بارزانیی ڕاگەیاند كە هەڵگری پەیامی سەرۆك هۆڵاندە بۆ دووپاتكردنەوەی دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان هەردوولا و ئەوەیشی خستەڕوو كە فەڕەنسا پشتیوانی گەلی كوردستانە لە شەڕی تیرۆریستان و دڵنیایشە كە گەلی كوردستان سەردەكەوێت.

ڕۆژی پێنجشەممە 21ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئاندرێ ڤالینی وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ئاڵان گیبغات كونسووڵی فەڕەنسا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكار و یاریدەدەری وەزیری دەوڵەت بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی فەڕەنسا.
لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی فەڕەنسای كرد كە پاڵپشت و هاوسۆزی گەلی كوردستان بوونە و سوپاسی سەرۆك هۆڵاندیشی كرد كە لە كاتێكی هەستیار و لەو كاتەی كوردستان لەشەڕدا بوو سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و ئەوەیش مانایەكی زۆر تایبەتی هەیە و گەلی كوردستان لەبیری ناكات. سەرەخۆشیشی لە كەسوكاری قوربانیانی ڕووداوە تیرۆریستییەكەی شاری نیس كرد و ڕایگەیاند ئەو ڕووداوە بە ڕوونی پێشان دەدات كە تیرۆر دوژمنی هەموو لایەكە و هەڕەشەیشە بۆ سەر هەموو جیهان. سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان ڕێزێكی تایبەتی بۆ گەلی فەڕەنسا هەیە و بە دۆستێكی نزیكی خۆی دەزانێت و دەستخۆشیشی لە تیمە سەربازییە فەڕەنسییەكان كرد كە لە شەڕی تیرۆردا یارمەتیی هێزی پێشمەرگەیان داوە.

لەدرێژەی قسەكانیشیدا وێڕای ئاماژەدان بە سەرهەڵدانی تیرۆر و پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان ڕۆشنایی خستەسەر ئازادكردنی مووسڵ و جەختی لەوە كردەوە كە لەپێناو پاراستنی پێكهاتەكان و دووبارەنەبوونەوەی كارەسات لەبەرانبەر خەڵكی ناوچەكە بە تایبەت ئێزیدی و مەسحییەكان پێویستە ڕێككەوتنی سیاسی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا لەدوای ئازادكردنی مووسڵ هەبێت و هەرێمی كوردستانیش پاڵپشتی ڕێگەیەك دەكات كە دڵنیایی بداتە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان.

هەر لەم دیدارەدا وەزیری دەوڵەت بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی فەڕەنسا بە سەرۆك بارزانیی ڕاگەیاند كە هەڵگری پەیامی سەرۆك هۆڵاندە بۆ دووپاتكردنەوەی دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان هەردوولا و ئەوەیشی خستەڕوو كە فەڕەنسا پشتیوانی گەلی كوردستانە لە شەڕی تیرۆریستان و دڵنیایشە كە گەلی كوردستان سەردەكەوێت و ستاییشی هەوڵە مرۆییەكانی گەلی كوردستانی كرد لە یارمەتیدانی ئاوارە و لێقەوماوان و ڕایگەیاند كە جیهان ئاگاداری قوربانیدان و ئازایەتیی پێشمەرگەیە و بە چاوی ڕێزەوە سەیری مرۆڤدۆستی خەڵكی كوردستان دەكات.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە هەڕەشەكانی تیرۆر و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕۆیی كرا و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە شەڕی فكریی تیرۆر و توندڕۆیی بكرێت و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ڕۆڵی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە شەڕی هزری تیرۆر و گرنگ و یەكلاییكەرەوەیە.
ئاییندەی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.