Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مانەوەی عێراقی یەكپارچە، مەترسییە بەسەر هەموو جیهانه‌وه‌

رێكان سەباح

عێراق لە بنەرەتدا گیرۆدەی شەلەلی جوگرافیایە و هیچ رێگا چارەسەری نییە، كێشەی عێراق لە بنەڕەتدا زگماكییە و لە لەدایكبوونیدا گیرۆدەیە، بۆیە هەموو جۆرە سیستەمەكانی "دیموكراسی و دیكتاتۆری و فیدراڵی و تەوافوقی، سیستەمی پاشایی چەندانی تری تێدا تاقی كراوەتەوە، بەڵام یەكێك لەو سیستەمانە نەیتوانیوە، كۆتایی بە خوێن ڕژانی عێراقییەكان بهێنێت بە تەواوی پێكهاتەكانی، چونكە رێگاچارەی مانەوەی عێراق بێ خوێن ڕژان، یاسایەكی تەواو پێچەوانەی بوونی عێراق و جوگرافیای سیاسی و ئەتنیكی و مەزهەبی ئەو وڵاتەیە، هیچ دەرچەیەك نییە لە عێراق لە رێگای فیدراڵییه‌وه‌ كێشەكان چارە بكرێن، ئەگەر لەتەك "عێراقی یەكپارچە" هەوڵی چارەی كێشەی "سیاسی و ئابووری و ئیتنكی و مەزهەبی بدرێت، ئەوە بێئاگاترین هەوڵە لە تێگەیشتنی عێراق، چونكە كێشە سیاسی و ئابوورییەكان بەتایبەتی لەنێوان هەولێر و بەغدادا، فەشەلی فیدراڵی بووە، رێگا چارەی مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی تەنها لە رژێمێكی هاوشێوەی سەددام لە زاخۆ تا بەسرا لەنگەر دەگرێت، مەگەر ئەمە نەبێت دابەشبوون رێگاچارەی دووەمی عێراقە.

مالیكی و عێراقی یەكپارچە
هیچ كات ناتوانرێت ناوی مالیكی وەك كەسایەتییەكی سیاسی لەتەك عێراقی یەكپارچەدا بێت، چونكە عێراقی یەكپارچە لە حەزی دابەشكردنی كۆمەڵگای عێراقدا بەرجەستە نابێت، وەك ئەوەی لەماوەی رابردوودا لە فۆرمی دەسەڵاتداری مالیكیدا ئاراستە بوو، مالیكی وەك نوێترین پیاوی سیاسیی پاش سەددام، لە عێراقدا ناوێك نییە كە عێراقی پێ ئاراستەی یەكپارچەیی بكرێت، چونكە میتۆدی دەسەڵاتداریی ئەو پیاوە نەك درزی نێوان پێكهاتەكانی لە قاڵبی ئەستەمدا بۆ گەڕانەوەی پێكەوەژیان، بەڵكو ڕووی دەسەڵاتی شیعەی عێراقیشی لە چوارچێوەی مووچەبڕی و نوێكردنەوەی دژایەتیی " سوننە و شیعە"ی بۆ هەمیشە ساز كردەوە، كە گەڕانەوەی ئەستەمە، ئەمەشە وامان لێ دەكات كە مالیكی وەك فۆرمی دەسەڵاتداریی شیعە وەك بوونێكی سیاسیی ناكۆك ئەستەم سەیر بكەین، روئیای ئەو كارەكتەرە سیاسییە ناكۆكیی یەكجار زۆری لە پێكەوەژیانی پێكهاتەی عێراقدا هەیە.


عێراقی و بەرهەمهێنانی داعش
داعش كە لێكەوتەی ئەو فۆرمە دەسەڵاتدارییەی عێراق و سووریایە، بووە مەترسیدارترین پەتای مانەوەی ئەو جۆرە دەوڵەتە لەو جوگرافیا شەلەلە، داعش ئەگەر لە رووی میتۆد و فیكر، لە چوارچێوەی "خەلافەتی ئیسلامی سوننە" خۆی نمایش دەكات، بەڵام لە بنەڕەتدا زادەی دەسەڵاتداری ئەو دوو دەوڵەتەیە، كە ناتوانێت ببێتە دەوڵەتی پێكهاتەكانی ناو ئەو جوگرافیایە، كە وایە، داعش ئەگەر لە رووی مەترسیدارترین فۆرمی تیرۆر بۆ سەر هەموو دنیا وەربگیرێت، ئەوا دەبێت لێكەوتەی داعش بناسێندرێت، داعش ناوێكی بەرهەمهاتووی مانەوەی عێراقی یەكپارچەیە، بەدیوی سووریاشه‌وه‌ ئەوە ڕاستە. كەوایە ئەگەر دنیا بیانەوێت مەترسیی بەرهەمهێنانی تیرۆر لەسەر خۆیان لاببەن، دەبێت مانەوەی عێراق وەك كارگەی بەرهەمهێنانی داعش و قاعیدە بناسن، چونكە مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی زادەی بەرهەمهێنانی بەردەوامیی تیرۆریست و گرووپی هاوشێوەی داعشە كە بەردەوام هەرەشەیە لەسەر مرۆڤایەتی.


یان هەڵوەشاندنەوەی هەرێم یان عێراق
مووچەبڕ و بوودجە بڕین، دوابزماری تابووتی یەكپارچەیی عێراق بووە، ئەگەرچی لەژێر ناوی پێشنیاز و بڕیار بڕرا، بەڵام لە بنەڕەتدا دواساتی عێراقی یەكپارچە بوو، چونكە لە بڕینی مووچە و بووجەدا فەشەل بە فیدراڵی هات، فەشەلی فیدراڵیەت هیچ رێگایەكی تری لەبەردەمدا نییە، یان  پاشەكشەكردن و بوونەوە پارێزگایەك لە عێراق و هێنانەوەی سەربازی عێراق عەرەبی بۆ ناو شارەكانی باشووری كوردستان و كۆتایی هەرێمی كوردستان، یان بەرەوپێشەوە چوون و جیابوونەوە لە عێراق، هیچ رێگای تر بوونی نییە، چونكە تەنها بە كۆمەڵكوژكردنی كورد و سوننە  و كۆنترۆڵی شیعەش لە چوارچێوەی رژێمی هاوشێوەی سەددام حوسێندا ئەو عێراقە بە یەكپارچەیی دەمێنێتەوە، ئەگەرنا هیچ دەرچەی مانەوەی عێراق بەیەكپارچەی نییە، پەیوەست بە بابەتی مووچە كە تەواو بووه‌تە كاڵای ساخكردنەوەی سیاسەتی چەوت و ناتێگەیشتووی هەندێك هێزی سیاسیی كوردستان، مووچە بووه‌تە بەدیلی گەڕانەوەی كورد و هاووڵاتییەكی پلە دوو لە عێراق، مەگەر ئەوە نەكرێت بەغدا هیچی تر ناوەندی رەوانەكردنی مووچە و بوودجەی كوردستان نییە، هەركەسێكیش بەو ئاراستەیە تێپەڕێ، مەبەستی لە تەسلیمكردنی كوردە، چونكە مانەوەی عێراقی یەكپارچە كۆتایی كوردە وەك قەوارەیەكی سیاسی لەو وڵاتە و هیچ بەدیلی تر نییە، یان هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان و هێنانەوەی سوپای عێراق بۆ ناو شارەكانی باشووری كوردستان، یان جیابوونەوەی هەڵوەشاندنەوەی عێراقی یەكپارچە، هێڵی سێیەم نییە.