Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمەریکا ٥ بنکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا دادەمەرزێنێت

هەولێر-KDP.info-  پێگەی ئەلکترۆنی ئی‌کورددەیلی نووسیویەتی کە ئەمەریکا بە گوێرەی ئەو پرۆتۆکۆڵە سەربازییەی کە  لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا واژۆی کردووە پێنج بنکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا دروست دەکات و، لەگەڵ ئەوەیشدا بۆ ماوەی ١٠ ساڵ ئەمەریکا مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دەکات و مووچەیشیان پێ دەدات.

ڕۆژی سێشەممە ١٢/٧/٢٠١٦، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، یادداشتی لێکتێگەیشتن و هاوکاریی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەلایەن کەریم شنگالی وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت و ئێلیزا سلۆتکین جێگری وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئیمزا کرا.

ئەم ڕێککەوتنە وەک پێگەی ئینگلیزی ئی‌کورددەیلی ڕایگەیاندووە دوای پێوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی و ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لەدایک بوو.
بە گوێرەی پێگەی ئی‌کورددەیەلی، ئەمەریکا ٥ بنکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا دادەمەزرێنێ کە ئەمە لە چوارچێوەی ئەو پرۆتۆکۆلە سەربازییەدایە کە لە نێوان هەولێر و واشنتندا واژۆ کراوە.
پێگەکە بڵاویشی کردووەتەوە کە، بنکە سەربازییەکان دەکەونە پارێزگای هەولێر و دهۆک و دوو بنکەی سەربازی دەکەوێتە هەریر کە سەربە پارێزگای هەولێرە و یەکێکیشیان لە ئەتروش دەبێ.

جگە لەوەی کە پێگەکە باسی لەوە کردووە کە ئەم پرۆتۆکۆڵە سەربازییە بۆ هەماهەنگیی نێوان هەرێم و ئەمەریکایە بە مەبەستی لەنێوبردنی داعش، بەڵام ئەوەیشی خستووەتە ڕوو کە ئەمەریکا بە گوێرەی ئەو رێککەوتنە بۆماوەی ١٠ ساڵ مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە دەکات لەگەڵ پێدانی مووچە.