Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مالكی بە كام دەرگا هاتەژوور و بەدوای چیدا دەگەڕێ؟

دڵشاد مستەفا وەسانی
لە ساڵی 2003 تا 2005 دەسەڵاتدارانی بەغدا لە دوو دەرگاوە دەهاتنە كوردستان، ئەم دوو دەرگاییە خاڵی هەرە لاوازی هەرێمی كوردستانە بەرامبەر بەغدا، لە سەرەتای قۆناغی بەناو عێراقی نوێ، بۆ گفتوگۆ و راگۆڕینەوەی سەرەتای پرۆسەی سیاسی و نووسینەوەی دەستوور، شاندەكانی بەغدا سەردانی (دوكان و پیرمام) یان دەكرد، بەڵام دوای هاتنەكایەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ناوەندێك بۆ بڕیار لە كوردستان پەیدابوو.
ئەو دوو دەرگایییە دەرفەتێكی لەبار بۆ بەغدا دەرەخسێنێ، بۆ ئەوەی بە پێی ویستی خۆی یاری بكات، دۆخی ئێستای كوردستان، جارێكی دی دەرگایەكی دیكەی بۆ مانۆڕی سیاسیی ئەوانەی بەدوای مەرامی خۆیاندا دەگەڕێن خستۆتە سەرپشت، ئەوەی مالكی بەدوایدا دەگەڕێت لە دەرگای دووەمەوە پەیدا دەبێت، بۆیە رۆژی 18 ی تەمموزی 2016 لەو دەرگایەوە هاتە كوردستان.
مالكی لە یادگەی خەڵكی كوردستاندا وێنەیەكی ناشرینی هەیە، رۆژی 18 ی تەمموز لە سلێمانی گوتی بەغدا بودجەی هەرێمی كوردستانی نەبڕیوە، ئەمە بۆ ئەو دەسكەوتێكی گەورەیە كە لە كوردستان و بە ئاشكرا، بەبەرچاوی هەموو جیهان خۆی لەو تاوانە گەورەیە بێ بەری بكات، كەسیش نەبوو پێی بڵێ تۆ بودجەی خەڵكی كوردستانت بڕیوە، چونكە ئەو تاوانەی كردوویەتی، لە كوردستان وەك كەرەستەیەكی سیاسی لە دژی پارتی بەكاردەهێندرێت، بەجۆرێك بەرلەوەی مالكی تەشریف بهێنێتە سلێمانی، میدیای بەناو بێلایەن و حزبەكانی دی، بەتایبەتیش یەكێتی و گۆڕان، زۆر كاریان لەسەر ئەوەكرد كە ئەوە هەولێرە سەبەبكاری بڕینی بودجەی خەڵكی كوردستان نەك بەغدا، بۆیە بۆ مالكی هیچ زەحمەتییەكی تێدانییە بڵێ بەغدا بودجەی كوردستانی نەبڕیوە.
مالكی ئەم دۆخەی ئێستای كوردستان بە دەرفەتێكی زێڕین دەزانێت، بۆ ئەوەی بۆ سێیەم جار ببێتەوە سەرۆك وەزیرانی عێڕاق، هەربۆیە دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان هاتە سلێمانی و پیرۆزبایی ئەو رێككەوتنەی لێكردن.
مالكی چاوی تەماعی بڕیوەتە 29 كورسییەكەی یەكێتی و گۆڕان لە پەرلەمانی عێڕاق،چونكە لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی دیكەی شیعە زۆر هەوڵیدا، بەڵام هیچی دەستنەكەوت، تەنانەت بەر لە رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان هەوڵیدا رەوتی سەدر بەلای خۆیدا بشكێنێتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی قسە لە حكوومەتی تەكنۆكرات كرا و خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدری بەدواداهات.
ئەوەی بۆ خەڵكی كوردستان گرنگە، داخوازییە رەواكانیەتی، تەجرەبەش دەری خستوە مالكی نەك داخوازیی خەڵكی كوردستان وەرناگرێت، بەڵكو خۆی پاڵەوانی گوشارخستنەسەر كوردستانە، بۆی چووباسەر پەلاماری هەولێری دەدا، یەكێتی و گۆڕانیش دەڵێن ئەمە بۆ یەكدەنگی كوردە و بەتەماین گرفتەكانی خەڵك چارەسەربكەین، بەڵام سەیرەكە ئەوەیە، ئەو چارەسەرە لەڕێی كەسێكە كە سوپایەكی پڕ چەكی خستە بەردەستی داعش و بەشانازییەوە قوتی خەڵكی كوردستانی بڕی.