Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا، ئامادەکارییەکانی ئازادکردنی مووسڵیان خستە بەرباسەوە

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد و، ئامادەكارییەكانی ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ تەوەرێكی دیدارەكە بوو و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە لەپێناو ڕێگەگرتن لە دروستبوونی كێشەی قووڵتر و پاراستنی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و دڵنیاییان و دووبارەنەبوونەوەی كارەساتەكان، پێویستە بەر لە ئازادكردنی مووسڵ ڕێككەوتنێكی سیاسیی لەنێوان لایەنەكاندا هەبێت.

ڕۆژی سێشەممە 19ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فرانك بەیكەر باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا باس لە دوا هەڕەشە و پەرەسەندنەكانی كردەوەی تیرۆریستی و هزری توندڕۆیی لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە كرا، هەروەها ڕۆشناییش خرایە سەر سەركەوتنە سەربازییەكانی بەرانبەر داعش لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق.

ئامادەكارییەكانی ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە لەپێناو ڕێگەگرتن لە دروستبوونی كێشەی قووڵتر و پاراستنی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و دڵنیاییان و دووبارەنەبوونەوەی كارەساتەكان، پێویستە بەر لە ئازادكردنی مووسڵ ڕێككەوتنێكی سیاسیی لەنێوان لایەنەكاندا هەبێت و باڵیۆزی بەریتانیا سەرۆك بارزانیی لە بۆچوونی وڵاتەكەی پەیوەست بەم باسە ئاگادار كردەوە. هەروەها كورتەیەكیشی لەبارەی بڕیاری گەلی بریتانیا بۆ دەرچوون لە یەكێتی ئەوڕووپا و كاریگەریی ئەو بڕیارە لەسەر سیاسەتی دەرەكیی بریتانیا خستەڕوو.

لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارەدا بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ئاییندەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم دیدارەدا ئەنگوس مەكی كونسووڵی گشتیی بریتانیا كە كۆتایی بە ئەرك و كارەكانی هاتووە سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە لەماوەی كاركردنیدا هەماهەنگ و هاوكاری بوونە و هیوای سەركەوتن و بەختەوەری بۆ گەلی كوردستان خواست و لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەكەیدا.