Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كونسووڵ و نوێنەری وڵاتانی عەرەبی لە هەولێر، پشتیوانیی و هاوسۆزیی وڵاتەكانیان بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریاندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شاندێكی هاوبەشی كونسووڵ و نوێنەری وڵاتانی عەرەبی لە هەولێر رایانگەیاند، ئاگاداری ئەوەن گەلی كوردستان هەڵگری پەیامی ئاشتییە و داهێنەری یان و سەقامگیرییە لە ناوچەكەدا. هەروەها ستاییشی دڵفراوانی و میوانداریی گەلی كوردستانیان كرد كە بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و بیروڕای جیاواز.

ڕۆژی سێشەممە 19ـی 7ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی كونسووڵ و نوێنەری وڵاتانی عەرەبی لە هەولێر كرد كە پێكهاتبوو لە نەزمی حزووری كونسوڵی گشتیی وڵاتی فەڵەستین و ڕاشد ئەلمەنسووری كونسووڵی گشتیی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی و یاسین عەوەز كونسوڵی گشتیی وڵاتی سودان و د. عەبدولمنعیم عەبدوڵڕەحمان كونسوڵی گشتیی شانشینی سعودیە و هەیسەم ئەبولفول كونسوڵی گشتیی شانشینی ئۆردۆن و عومەر فەهمی كونسوڵی وڵاتی میسر و موساعد ئەلكولەیب كونسوڵی گشتیی كوەیت بە وەكالەت.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزانیان لە سەرۆك بارزانی كرد و پشتیوانیی و هاوسۆزیی وڵاتەكانیان بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە و وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەكانی تیرۆر پێزانینیان بۆ قارەمانێتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەبوو و دەستخۆشیشیان لە خۆڕاگریی گەلی كوردستان كرد و ڕایانگەیاند كە ئاگاداری ئەوەن گەلی كوردستان هەڵگری پەیامی ئاشتییە و داهێنەری یان و سەقامگیرییە لە ناوچەكەدا. هەروەها ستاییشی دڵفراوانی و میوانداریی گەلی كوردستانیان كرد كە بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و بیروڕای جیاواز.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی شاندی میوانی كرد و بوونی نوێنەرایەتیی وڵاتانی عەرەبی لە شاری هەولێر بە مانای پەیامی دۆستایەتی و هاوسۆزیی نێوان گەلی كوردستان و وڵاتانی عەرەبی لەقەڵەمدا. دواتر سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا باسی لە هەڕەشەكانی تیرۆر و هزری توندڕۆیی كرد كە بووەتە بەڵایەك بۆ جیهان و جەختی لەوە كردەوە كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئەركی هەموو دەوڵەتانی جیهانە بە تایبەتی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی لەم ڕووەوە ئەركێكی هەستیاریان لەسەر شانە و هاوكات لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی پێویستە شەڕی فكریی تیرۆریستانیش بكرێت. لەدرێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان خستەڕوو كە سیاسەتی ئینكاركردنی گەل و نەتەوەكان سیاسەتێكی پووچەڵ و بێبەهایە و كۆتایی هاتووە و گەلانی ناوچەكە دەبێ بە ئاشتی و ڕێزگرتن لەتەك یەكتردا بژیین.