Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حکوومەتی هەرێم لە وەڵامی قسەکانی موحسن ڕەزاییدا: زانیارییەکان هەڵەن و هیچ بنەمایەكی نییە

هەولێر-KDP.info-  له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان وه‌ڵامى چه‌ند لێدوانێكى موحسن ڕەزایی ئەمینداری ئەنجوومەنی تەشخیسی مەسڵەحەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌داته‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

موحسن ڕەزایی ئەمینداری ئەنجوومەنی تەشخیسی مەسڵەحەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی شەبەكەی یەكی وڵاتەكەی باسی لەوە كردووە كە وڵاتی سعوودیە یارمەتیی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێرانی داوە و لە شاری هەولێر دوو حزبی كوردی ڕۆژهەڵاتی چالاك كردووە و بنكەیان لە نزیك سنوورەكان ئێران دامەزراندووە و ئەگەر ئەوان هەر بەردەوام بن و حكوومەتی هەرێم بیرێك لەم بابەتە نەكاتەوە، ئەوا بەمزووانە لەدژیان ئۆپه‌راسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدەین و ئۆباڵەكەیش دەخەینە سەر شانی سەرۆك بارزانی.

لە وەڵامی ئەو بەرپرسەی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕایدەگەیه‌نین كە:
یەكەم: سەرتاپای ئەو زانیاری و لێكدانەوانەی بەڕێز موحسنی ڕەزایی لەبارەی ڕووداوە سنوورییەكانی ئەم دواییه‌وە كە لە چاوپێكەوتنەكەدا باسی كردووە هەڵەن و هیچ بنەمایەكی نییە.
دووەم: كۆمیتەیەكی هاوبەشی ئەمنی لەنێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستاندا هەیە. هەر گرفت و كێشەیەك هەبێت لەو كۆمیتەیەدا باس دەكرێ و چارەسەر دەكرێ. ئەگەر یەك بەڵگە هەبێت لەسەر ڕاستیی قسەكانی بەڕێز ڕەزایی، با كۆمیتەی هاوبەشی ئەمنی بەدواداچوونی بۆ بكات.
سێیەم: بەلای هەرێمی كوردستانەوە ئاساییش و سەقامگیریی كۆماری ئیسلامیی ئێران گرنگە و بایەخی هەیە و بە ئاساییشی ئێران ئاساییشی ناوچەكەیش پارێزراو دەبێت. لەگەڵ ئەوەیشدا هەر لایەنێك دەبێ خۆیشی بتوانێ هۆكاری گرفتەكان بدۆزێتەوە و كار بۆ چارەسەركردنی بكات.
چوارەم: پەرۆشین بۆ قووڵكردنەوەی پەیوەندییەكان و كاری هاوبەش و دۆستایەتیی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستان.

ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان.
18/7/2016