Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كۆنسووڵی نوێی ئەمەریكا لە هەولێر بە سەرۆكوەزیران ناسێنرا

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ (ماتیاس میتمان) كۆنسووڵی گشتیی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەولێر و (كێم گرۆس) كۆنسووڵی دەستنیشانكراوی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) رایگه‌یاند، خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان خوازیاری ئەوەن باشترین پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و ناوچەكە هەبێت و، هیوای خواست پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەولێر و واشنتۆن تۆكمەتر و فراواتر بكرێن.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 28-6-2016، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (ماتیاس میتمان) كۆنسووڵی گشتیی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەولێر و (كێم گرۆس) كۆنسووڵی دەستنیشانكراوی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەریان كرد.

لە دیدارێكدا (میتمان) كە لە ماوەیەكی نزیكدا كارەكەی وەك كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان بە كۆتایی دێت، سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش بە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان كرد بۆ ئەو هەماهەنگی و هاوكارییەی لە ماوەی كاركردنیدا پێشكەشی كراوە و دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش كرد كە توانیویانە لە كاتە هەرە سەختەكاندا بە باشترین شێوە كارەكانی خۆیان ئەنجام بدەن و دەستكەوتی باشتر بەدەست بهێنن.

دواتر (كێم گرۆس) كە لە ماوەیەكی نزیكدا وەك كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان دەستبەكار دەبێت، بە (نێچیرڤان بارزانی) ناسێنرا و (میتمان) هیوای خواست چۆن پاڵپشتی و هاوكاریی ئەو كراوە لە ماوەی كاركردنیدا، بە هەمان شێوە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاریی (گرۆس) بكەن. دووپاتیشی كردەوە كە لەسەر كاركردن بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا، بەردەوام دەبێت.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی (میتمان)ی كرد كە لە ماوەی كاركردنیدا لە هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك كاری باشی ئەنجام داوە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كاری نوێیدا. جەختی لەوەش كردەوە، هەروەك چۆن حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكار و پاڵپشتی كۆنسووڵەكانی پێشووی ئەمەریكا بووە، بە هەمان شێوە هاوكاری و پشتگیریی كۆنسووڵی نوێی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان دەكات و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە كارەكانیدا.

سەرۆكوەزیران دووپاتی كردەوە كە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان خوازیاری ئەوەن باشترین پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و ناوچەكە هەبێت و، هیوای خواست پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەولێر و واشنتۆن تۆكمەتر و فراواتر بكرێن.

تاوتووكردنی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دواپێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.