Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خەڵکی کوردستان بە گومانەوە لەسەردانەکەی یەکێتی و گۆڕان بۆ بەغدا دەڕوانن

هەولێر-KDP.info- چاودێران و خەڵکی کوردستان پێیان وایە، یەکێتی و گۆڕان بەو چوونەیان بۆ بەغدا دەیانەوێ دەرفەتی سەربەخۆبوونی کورد لە کیس بدەن؛ ئا لەبەر ئەوەیش ئەو سەردانەیەیان پێ شتێکی تا بڵێی خراپە و، دژینە. راشکاوانەیش دەڵێن، دەرفەتی سەربەخۆیی لەبارە و گەل بە هێڵی سووری دەزانێ ئەوەی بیەوێ مافی دەوڵەتبوون لە کوردستان زەوت بکات.

''نیشتمانپەروەرەکان لە یەکێتی و گۆڕان قەبووڵ ناکەن"
لە ئێستادا کورد لە هەموو کاتێک نزیکترە تا ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆیی و چاودێرانی سیاسیی بیانی و رۆژنامە ناودارەکانی جیهانیش ئەمە دەڵێن، کەچی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە گومانەوە لە سەردانی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان بۆ بەغدا دەڕوانن، هەروەک (حەنان فەتلاوی)یش رایگەیاند کە بەرلەوەی ئێمە رێگری لە دابەشبوونی عێراق بکەین، یەکێتی و گۆڕان لە هەرێمی کوردستان نەیانهێشت عێراق دابەش ببێ، پێوەست بەم پرسە، چاودێری سیاسی (عێزەدین شەمسەدین)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەکو ڕوونە شاندی ھاوبەشی یەکێتی و گۆڕان سەردانی بەغدایان کردووە و، چاویان بە ئەم و ئەویش کەتووە؛ جێگەی داخ و نیگەرانییە کە ھەرکاتێک زەمینە لەبار دەبێت و دەمانەوێت ھەنگاوێک بچینە پێشەوە، ڕاستەوخۆ ناحەزانمان دەست دەخەنە نێومان و کاریگەری لەسەر چەند لایەنێک دروست دەکەن هەتا دەرفەتەکە لەبار ببەن."

ئەو چاودێرەی سیاسەت ڕوونیشی کردەوە، ئەوەی ئەو شاندە کردی لەو چەند ڕۆژەدا، هەموو کوردێکی ناڕەحەت کردووە؛ ھەرێمی کوردستان ئێستا خەریکە بەرەو سەربەخۆییی ئابووری هەنگاو دەنێت و، ئەوانیش بەنیازن تێکی بدەن؛ میللەت و، بە تایبەت نیشتمانپەروەرەکان ئەوەیان لێ قەبووڵ ناکەن."

گوتیشی، میللەتەکەمان دریایەک خوێنی لێ ڕژاوە بۆ سەربەخۆیی؛ تازە بە تازە دەیانەوێت لێمانی تێک بدەن، بۆیە من وەکو تاکێک ئەم ھەنگاوەی ئەوان بە خیانەتی نیشتمانی دەزانم و، بۆیان ناچێتە سەر ئەجێندای دەرەوە لە ھەرێمی کوردستاندا پیادە بکەن؛ چونکە خەڵک ھۆشیارە و قوربانییەکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی لە دەستی دوژمن ڕزگاریان ببێت.
لە کۆتاییدا گوتی، ''بە ھیچ جۆرێک ڕەوا نییە دوای بڕانی قووتی خەڵکی کوردستان بچی باوەش بە (مالیکی) و (عەبادی)دا دەی، بۆیە داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم بە توندی ھەڵوێستیان ھەبێت و ڕێگە بەم جۆرە کارانە نەدرێت.''

لە ئێستادا بە شێوەیەکی کرداری هەرێمی کوردستان لە عێراقدا جیایە تەنیا لەسەر کاغەز و دەستوورێک ناوی هەرێم بە عێراقەوە ماوە، ئەگەرنا لە ڕووی داراییەوە و لە ڕووی ئیدارەدانی هەرێم و پێوەندیی دیپلۆماسی و پێگەی سیاسیی هەرێم لە ناوچەکەدا و لە جیهانیش، هەرێم تەواو لە عێراق جیایە؛ ئێستا نەخشەڕێی ئابووری و چاکسازی لە هەرێمی کوردستاندا دانراوە بۆ ئەوەی لە پاشه‌ڕۆژدا هەرێمی کوردستان پێگەیەکی ئابووری بەهێزی هەبێ و پشت بە سامانی سروشتیی خۆی ببەستێ، لەژێر رۆشنایی ئەم بۆچوونەدا ھاووڵاتی (شەمسەدین محەممەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوت: "ھەرێمی کوردستان دووساڵە خۆی خستۆتە قەیرانەوە بۆ ئەوەی ھەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێت و نەوتی خۆی بەشێوەی سەربەخۆ بفرۆشێت، تازە بە تازە یەکێتی و گۆڕان بەنیازن نەوتی ھەرێم ڕادەستی بەغدا بکەنەوە و، وامان لێ بکەن وەک جاران هەر چاومان لە دەستی بەغدا بێت، ئەمە بە ھیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت و نابێ ڕێگە بەم کارە بدرێت."

(محەممەد) ئاماژەشی دا، بە داخەوە بەغدا ھیچ نەما بەرانبەر ھەرێمی کوردستان نەیکات و، دژایەتیی ھەموو ھەنگاوێکی کردووە؛ ئێستا یەکێتی و گۆڕان دەچنەوە لای ئەوان و باس لەوە دەکەن ھەرێمی کوردستان جیا نابێتەوە و لەگەڵ یەکپارچەییی خاکی عێراقدان! ئەمە دژی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمە و خەڵکی کوردستان لێیانی قه‌بووڵ ناکات.

ھەر بۆچوون و بڕیارێک دژی بەرژه‌وەندیی گەلی کورد بێت ھێڵی سوورە
کورد لە پێگەی دەولی دا پایەکانی دەوڵەتبوونی بۆ دروست بووە و، بۆ ئەو بەربەستە سیاسیانەی کە دێنە بەردەمیشی نەخشەڕێگای تایبەتی خۆی هەیە، هەروەک گەلی کوردیش بە هێڵی سووری دەزانێ کە هەر هێزێک بیەوێ مافی دەوڵەتبوون و ریفراندۆمی لێ زەوت بکات، سەبارەت بەم بۆچوونە، ڕۆژنامەووس (نەوزاد ھلوری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەر بۆچوون و بڕیارێک دژی بەره‌ژوەندیی گەلی کورد بێت ھێڵی سوورە و، پێویستە گورجێ ئەو بریارە ڕابگیرێت و، بکەرانیش بە سزا بگەیێندرێن، بە پێچەوانەوە ئەمە دەبێتە چاولێکەری و دوور نییە ماوەیەکی دی وڵاتیشمان لێ بفرۆشن!''
گوتیشی، سەردانی شاندی یەکێتی و گۆڕان بۆ بەغدا هیچ نییە و، هەرگیز قسەی شاندێک و دووان نابێتە ئاخر بڕیاری گەلی کورد؛ ئەوە قسەیەکە و کردوویانە.
پاشان گوتی، پێویستە ھەموو لایەنەکان کۆ ببنەوە و بگەنە ڕێگە چارەیەک بۆ ھەموو کێشەکان، چونکە بەغدا ھیچ کاتێک کێشەی کورد چارەسەر ناکات، بەڵکو دەیەوێت سوود لە ناکۆکییەکەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم وەربگرێت، بۆ ئەوەی دژایەتیی کوردی پێ بکات.

خەڵکی کوردستان بە گومانەوە لە سەردانی یەکێتی و گۆڕان دەڕوانن
ڕۆژنامەنووس (سەنگەر گۆران) گوتی، بە داخەوەم؛ كه‌ سەردانی شاندی ھاوبەشی یەکێتی و گۆڕان بۆ بەغدا ئەگەر بۆ دژایەتیکردنی سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان بێت بێڕێزییەکی گەورەیە بەرامبەر بە خوێنی شەھیدان.
ئەوەشی گوت، ''ئەو شاندە نەرمییەکی سەیری بۆ بەغدا نواندووە بە تایبەت (نووری مالیکی)، لە کاتێکدا ئەمانە دژایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە پێویست بوو ئەو شاندە کاتێک سەردانی بەغدا بکات کە پەیوەندیی نێوخۆی ھەرێم ئاسایی بێتەوە، ئەوکات شاندێکی هاوبەشی ھەموو لایەنەکان سەردانی بەغدای بکردایە کە نوێنەرایەتیی ھەموو خەڵکی کوردستان بکات.''
(گۆران) ڕاشیگەیاند، ''ئێستا بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان بە گومانەوە لەوسەردانە دەڕوانن، چونکە وا دیارە کارە هەر سەرەکییەکەی ئەو شاندە ملکەچی بووبێ بۆ بۆ حکوومەتی ناوەند!''

بڵند ئیبراھیم