Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ میرانی: گرینگە کێشەکان بە دیالۆگ چارە بکرێن

هەولێر-KDP.info-  سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان (فازڵ میرانی) لە پێشوازی شاندێکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان ـ تورکیا، ڕایگەیاند کە خەباتی مەدەنی و سیاسی كارێكی شارستانییە و بۆ بەدەستهێنانی مافەكان بە ئاشتی و كۆتاییهێنانە بە نەهامەتییەكانی هاووڵاتیان و گرنگە هێزی مەنتق و ئەقڵانیەت بگرێتەوەو بە ڕێگای دیالۆگ كێشەكان چارەسەر بكرێن.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازی لە شاندی پارتی سوسیالیستی كوردستان ـ توركیا كە پێك هاتبوو لە (مەسعوود تەك) سكرتێر و عەلائەدین عەباس و قوربان دەمیر و حاجی حەسن ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی كرد.
لە دانشتنێكدا كە عێزەدین بەرواری و ڕێبوار یەلدا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ڕەمزی شەعبان ئەندامی یەدەگی م. س. و ئەحمەد كانی ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی نیشتمانی و كوردستانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادە بوون.

فازڵ میرانی بە گەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوان كرد و پوختەیەك لەسەر ڕەوشی سیاسی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و گۆڕانكارییە سیاسیەكان لە ناوچەكەدا باس كرد.
هەروەها میرانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ دەستپێكی كاری فەرمی پارتی سۆسیالیستی كوردستان ـ توركیا و تأكیدی كرد كە خەباتی مەدەنی و سیاسی كارێكی شارستانییە و بۆ بەدەستهێنانی مافەكان بە ئاشتی و كۆتاییهێنانە بە نەهامەتییەكانی هاووڵاتیان و گرنگە هێزی مەنتق و ئەقڵانیەت بگرێتەوە و بە ڕێگای دیالۆگ كێشەكان چارەسەر بكرێن و، گوێ لە هەموو بیروبۆچوونی جیاجیا بگیرێت كە خزمەت بە گەلی توركیا و ناوچەكە دەكات و دەبێتە ژینگەیەكی باش و گونجاو بۆ پێكەوەژیانی ئاشتیانە.

سكرتێری پارتی سۆسیالیستی كوردستان ـ توركیایش سپاسی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد بۆ ئەم پێشوازییە و ڕەخساندنی ئەم دیدارەو پەیوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی سۆسیالیستی كوردستان ـ توركیا لە ئاستبەرز لە قەڵەم دا و كار بكرێت بۆ بەردەوام و پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییە و هیوای خواست پتەوكردن و هەماهەنگی زیاتر و هاوكاری نیوان هەردوو لا بە ئاراستەی خزمەتگەیاندن بۆ بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی گەلەكەمان بێت.

هەروەها باس لە كاروچالاكییەكانی پارتی سۆسیالیستی كوردستان ـ توركیا كرد و ڕەوشی ناوخۆی توركیا و، باكووری كوردستان لە پاش ڕاوەستانی پرۆسەی ئاشتی ڕەوشەكە بەرەو ئاڵۆزی چووە و هیوای هەموومان ئەوەیە بە ڕیگای دیالۆگ و لێكتێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكرێن.

لە كۆتاییدا میرانی ئامادەیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دەربڕی بۆ هەموو هاوكارییەك و پشتیوانییەك لە پێناو سەرخستنی كارەكانیان.