Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەتا قەرەداخی: "تەنیا دەوڵەت کورد دەکات بە نەتەوە؛ با بارزانی گوێ نەداتە لایەنەکان و ڕایبگەیێنێ."

هەولێر-KDP.info-  (عەتا قەرەداخی) نووسەر و ڕووناكبیری کورد په‌یامێك ئاراسته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و دەڵێ، ''بریا کاک (مەسعوود بارزانی) واز لەو دەستپێشخەری و ھەوڵدانانە بێنێ بۆ ڕازیکردنی هەمووان بۆ ریفراندۆم، چونکە پێناچێت ئەوە ھیچ بەرھەمێکی ھەبێت؛ با دەوڵەتەکە ڕابگەیێنێت و، بزانێ چۆن ئەو ھێز و حزبە کوردیانەی دژی دەوڵەتن، ڕیسوا و ڕووزەرد دەبن.''
 
 سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەی 23/6/2016ـدا ڕایگەیاندبوو "بۆ ئێمە لەم قۆناغەدا هیچ ئامانجێك لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بەرزتر و پیرۆزتر نییە، ناشبێت ڕێگە بدەین ئەم پرسە چارەنووسسازە بكرێتە قوربانیی ناكۆكی و ململانێی نێوخۆیی، بۆیە داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییە كوردستانییەكان دەكەم، لە زووترین كاتدا ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتمانی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و هەنگاوی یەكەم ئەوەیە لەگەڵ بەغدا بكەوینە گفتوگۆی ڕاشكاوانە و برایانە."  
جا پەیوەست بەم پرسە نووسەر و ڕووناکبیر (عەتا قەرەداخی) دەربارەی پەیامەکەی (سەروک بارزانی) و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، ئاوای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "دەوڵەت نەتەوە دروست دەکات، ئەمە تێڕوانینی مۆدێرنێتەیە بۆ پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و نەتەوە. بە بڕوای من ئەم تێڕوانینە بۆ کورد بە تەواوەتی ڕاستە، چونکە، ئەو پێکھاتە ئیتنیکیەی کە ئێستا ناوی کوردە و وەکو گەورەترین پێکھاتەی بێدەوڵەت ماوەتەوە، لەبەر ئەوەیە کە بنەماکانی یەکێتی و یەکبوونی زۆر لاوازە، ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەم پێکھاتەیە نەبووەتە خاوەنی ناسیونالیزمێکی خاوەن شوناس بەو مانایەی کە ھەڵگری پرۆژەی دەوڵەت بێت. ئێستا کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی لێکترازاو و نیمچەھەڵوەشاوەیە، ھەمان شێوەی سەدەی نۆزدە و نیوەی یەکەمی سەدەی بیست. ئەوسا دابەشبوونی ئەم کۆمەڵگایە بەھۆی دامەزراوە ناوچەییەکانی خێڵ و عەشیرەتەوە بووە کە بنەمای دروستبوونی ئەم دامەزراوانە خوێن و دەمارە و، ناسروشتیبوونی شێوەی پەرەسەندنی ئەم دامەزراوانە و ناسروشتیبوونی پەرەسەندنی کۆمەڵگای کوردی، نە رێگای بە دروستبوونی فیدراسیۆنی ئەو دامەزراوە لۆکاڵیانە داوە نە چینی ناوەندی دروست کردووە کە ببێتە ھەڵگرە پرۆژەی دەوڵەت."
 
 (قەرەداخی) له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یشه‌ كه‌: "ئێستایش حزبی کوردی کە لە گەوھەردا جێگرەوەی دامەزراوەکانی خێڵ و عەشیرەتە و تەنیا سیما و ڕووکەشەکەی گۆڕیوە، نەک ھۆکاری یەکگرتن و یەکبوونی کۆمەڵگای کوردی نییە، بەڵکو ھۆکاری دابەشبوون و لێکترازاندنی زیاترە، ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەم حزب و رێکخراوانە نە نوێنەرایەتیی ناسیونالیستی کوردی دەکەن و نە ھەڵگری پرۆژەی ناسیونالیزمن کە دەوڵەتە، بەڵکو بەربەست و رێگریشن لەوەی کە لە ھەناوی کۆمەڵگەدا بنەماکانی رێنیسانسی نەتەوەیی بخەمڵێت و پرۆژەی دەوڵەت لەدایک ببێت. جا لەبارێکی وەھادا ئایا چۆن کورد لەم قۆناغی دابەشبوون و ھەڵوەشاندنەوەیەوە دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی بوون بە نەتەوە؟."
 
 ئەو ڕووناکبیرە هه‌ر خۆی وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێ: "بێگومان ئەوە تەنیا بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان دەبێت. دەوڵەتی کوردستانیش لە شێوەیەکی سروشتیدا و لە ئەنجامی یەکگرتن و یەکبووندا دروست نابێت، چونکە ئەو ھێز و حزبانەی لە گۆڕەپانی کوردستاندا ئامادەنە، ئەھلیەتی ئەو یەکگرتن و یەکبوونەیان نییە و نایشیانبێت. ئێستا تاکە دەروازەیەک کە کورد لێیەوە ئومێدێکی ھەبێت بۆ دروستکردنی دەوڵەت بڕیاری سیاسییە؛ جا کێ لە ھەرێمی کوردستان دەتوانێت بڕیارێکی لەو جۆرە بدات؟ ھەر لێرەشەوە من بە بەڕێز (مەسعوود بارزانی) دەڵێم، واز لەو دەستپێشخەری و ھەوڵدانانە بێنە بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لە کوردستاندا بۆ ڕیفراندۆم، چونکە پێناچێت ئەوە ھیچ بەرھەمێکی ھەبێت.''
 
(قه‌ره‌داخی) جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ''(کاک مەسعوود) دەیەوێت دەوڵەتی کوردستان دروست ببێت یان دروستی بکات، با بڕیار بدات و دەوڵەتی کوردستان لەسەر ئەو خاکەی ئێستا لە ژێردەستی کورد خۆیدایە رابگەیێنێت. ئەوسا ئەو ھێز و حیزبە کوردیانەی دژی ئەو دەوڵەتە بن، ڕیسوا و ڕووزەرد دەبن. لەلایەکی تریشەوە ئەو دەوڵەتە دەتوانێت کورد یەک بخات و لە قۆناغی دابەشبوونی خێڵایەتی و دەسەڵاتی ئەم حزبە خێڵەکیانەی ئێستاوە بیگوازێتەوە بۆ قۆناغی بەنەتەوەبوون. واتە دەبێ بزانین مەسەلەی رێککەوتن و ڕێکخستنی ماڵی کوردی بە دەستپێشخەری و کۆبوونەوە ناکرێت، بەڵکو ڕاگەیاندنی دەوڵەت ئەوە دروست دەکات، ئەگەرچی جۆرێک لە سەرکێشیشی تێدا بێت، بەڵام تاکە ڕێگایە بۆ راماڵینی بەربەستەکان و گەیاندنی کورد بە ئامانجەکانی."
 
فایزە پاڵانی