Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"پێشمەرگە لە هزری گەلی ئیتالیا وەك فریادڕەسێك وێناكراوە لە دژی تیرۆریستاندا"

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتالیا رایگەیاند کە، پێشمەرگە لە هزری گەلی ئیتالیا وەك فریادڕەسێك وێنا كراوە لە دژی تیرۆریستاندا. ئاماژەیشی دا كە زۆڕ ڕازییە لە ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی وڵاتەكەی و هێزی پێشمەرگە بە تایبەت بۆ پاراستنی سەدی مووسڵ و جەختیشی لە بەردەوامیی پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان كردەوە.

ڕۆژی یەكشەممە 26ـی 6ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پێرفێردیناندۆ كازینی سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتالیا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتالیا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و دەستخۆشی و سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كرد كە ئازایەنە شەڕی تیرۆریستان دەكات و هێمای بەوەدا كە پێشمەرگە لە هزری گەلی ئیتالیا وەك فریادڕەسێك وێنا كراوە لە دژی تیرۆریستاندا. ئەوەیشی خستەڕوو كە زۆڕ ڕازییە لە ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی وڵاتەكەی و هێزی پێشمەرگە بە تایبەت بۆ پاراستنی سەدی مووسڵ و جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای سوپاسگوزاری بۆ پاڵپشتیی هاوپەیمانان و ئیتالیا، گەلی ئیتالیای وەك دۆستێكی نزیكی گەلی كوردستان وەسفكرد. دواتر لە وتەیەكدا باسی لە هەڕەشەكانی تیرۆر بۆ سەر كۆی مرۆڤایەتی و سروشت و سەرهەڵدانی تیرۆریستانی داعشی لە عێراق و ناوچەكە و هەروەها چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و تێكشكاندنیان لە لایەن پێشمەرگە كرد و جەختی لەوە كردەوە كە بۆ لەناوبردنی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنەی نێودەوڵەتی پێویستە. سەرۆك بارزانی باسی لەو زیانە مرۆیی و ئابوورییانە كرد كە لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆریستان بەر گەلی كوردستان كەوتووە و وێڕای ئاماژەدان بە بوونی سەدانهەزار ئاوارە ئەوەیشی خستەڕوو كە حكوومەتی عێراقی لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان بۆ پەنابەران كەمتەرخەم بووە.
هەر لەم كۆبوونەوەیە بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دواپێشهات و گۆڕانكارییەكان و ململانێی تاییفی لە ناوچەكە خرایە بەرباس و گفتوگۆ.