Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: "لەپێناو سەقامگیری و لێكتێگەییشتن و پاراستنی ژیانی خەڵك دە ساڵ گفتوگۆ باشترە لە یەك كاتژمێر شەڕ"

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پێشوازی شاندێکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان-تورکیا رایگەیاند کە، لەپێناو سەقامگیری و لێكتێگەییشتن و پاراستنی ژیانی خەڵك دە ساڵ گفتوگۆ باشترە لە یەك كاتژمێر شەڕ. چونكە شەڕ كاولكاری و ئاوارەیی و وێرانی لێدەكەوێتەوە و دەشبێتە هۆكارێك كە خەڵكی توندڕەو و شۆڤینی بەهێزتر ببن و پڕۆسەی ئاشتی تووشی وەستان ببێت.

ڕۆژی یەكشەممە 26ـی6ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان – توركیا كرد كە پێكهاتبوو لە مەسعوود تەك سەرۆك و عەلائەدین ئاراس و قوربانی دەمیر و حاجی حەسەن ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی و وەلی كۆپاران نوێنەری ئەو پارتە لە شاری هەولێر.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان كورتەیەكیان لەبارودۆخی سیاسی و ئەمنیی باكووری كوردستان و گرژی و شەڕ و پێكدادانەكان باس كرد و نیگەرانیی خۆیان نیشاندا لە بار و گوزەرانی هاووڵاتیان كە بەهۆی گرژی و شەڕەكان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانیان لە كار و چالاكییەكانی پارتەكەیان و دەستپێكردنیان وەك پارتێكی ڕەسمی ئاگادار كردەوە و داوای ڕێنوێنی و شیكردنەوەی ڕووداوو و گۆڕانكارییە سیاسییە ناوچەییەكانیان لە سەرۆك بارزانی كرد.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە دەستپێكی كاری فەرمیی پارتی سۆسیالیستی كوردستان – توركیا نیشان دا و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن و داوایشی كرد كە لە خەباتی مەدەنی و سیاسیی خۆیاندا بەردەوام بن و پەیوەست بە بارودۆخی باكووری كوردستان سەرۆك بارزانی هیوای خواست كە كۆتایی بە نەهەماتییەكانی هاووڵاتیان بهێنرێت و مەنتق و عەقلانیەت بگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی لایەنەكان و جەختیشی لەوە كردەوە كە لەپێناو سەقامگیری و لێكتێگەییشتن و پاراستنی ژیانی خەڵك دە ساڵ گفتوگۆ باشترە لە یەك كاتژمێر شەڕ. چونكە شەڕ كاولكاری و ئاوارەیی و وێرانی لێدەكەوێتەوە و دەشبێتە هۆكارێك كە خەڵكی توندڕەو و شۆڤینی بەهێزتر ببن و پڕۆسەی ئاشتی تووشی وەستان ببێت.