Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

له‌به‌ر ڕۆشنایی پەیامەکەى سەرۆکدا

سامان ڕەشید
بوونى ململانێى سیاسى، ئاشتیى دروست (Peacefull Conflict) لە گۆڕەپانى سیاسیدا، وزەى پڕۆسەى دیموکراتییە به‌رەو ئاراستەى بەدیهێنانى ماف و ئازادیى کۆمەڵ و بەدیهێنانى خواست و ئامانجیان لە چوارچێوەى پاراستنى بەرژەوەندیى گشت و ڕێزگرتنى دیتگا و ئایدیا و بۆچوونى بەرانبەر، ململانێیەک کە لایەنەکان کێبڕکێ لەسەر خزمەتکردنى کۆمەڵ و دەستەبەرکردنى ماف و ئازادییەکان بکەن، ئەمەش لە ڕێگاى دیتگا و ئایدیاى لایەنەکانه‌وه‌ دێت لەسەر کۆى پرسەکان. بەڵام ئەگەر ململانێ و کێبڕکێ سیاسییەکان زادەى خوێندنەوەى واقعى و دروست نەبن بۆ هەلومەرج و بارودۆخى سیاسى و ئابوورى و جڤاکى، یان لایەنەکان دەستبەردارى ئامراز و ڕێگای ڕیالیستى بن، ئەوکات ململانێکان، پرسەکان بەرەو ئاراستەى چەقبەستن دەبەن و دەبن بە ململانێى تووند(Violent Conflict)، دەرئەنجام پرۆسەى سیاسى گیرۆدەى قەیران دەبێت. لێرەدا ململانێکان هەرچۆنێک بن ناکرێت سنوور و هێڵە گشتییەکانى بەرژەوەندیى باڵاى نیشتمانمان ببەزێنێت، بە مانایەکى تر ئەتوانین بڵێین بەرژەوەندیى باڵاى نیشتمان ئەو سنوورەیە کە لە چوارچێوەیدا لایەنەکان کێبڕکێی سیاسی دەکەن لەپێناو بەرژەوەندیى گشتدا. ئەگەر بڕوانینە پەیامەکەى 23ى حوزەیرانى بەڕێز سەرۆکى هەرێم ئەوە دەبینن، ئەو بەرژەوەندییە باڵایەى لە چوارچێوەى سەربەخۆبوونى هەرێمەکەمان دیارى کردووە. (ناشبێت ڕێگا بدەین ئەم پرسە چارەنووسسازە بكرێتە قوربانیی ناكۆكی و ململانێی نێوخۆیی).
ململانێکان هەرچۆنێک بن و شێوەى هەر فۆرمێکیان لەخۆ گرتبێت، ناکرێت سنوورى بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمه‌کەمان ببەزێنن و، بیکەینە پاساو بۆ ئەوەى ئەم پرسە چارەنووسسازە تێکەڵ بە ململانێکان بکەین و ئەو دەرفەتەشى کە هاتووەتە پێش لەبارى بەرین. بەڵکو پێویستە سەربەخۆبوونى هەرێمەکەمان بکەینە دەرفەتێک بۆ ئەوەى قەیرانەکانمان تێپەڕێنین و پرسە سیاسییە نێوخۆییەکانمان کە ئەمڕۆ جەده‌لى لەسەرە، لە چوارچێوەى بەرژەوەندییە باڵاکانى نەتەوەکەمان چارەسەر بکەین. چونکە لە کۆتاییدا هەمووان لە یەک جیۆگرافیا و لە یەک نیشتمانین، چارەنووس و بەرژەوەندیى هەمووان پێکەوە گرێدراوە.
(بۆ ئێمە لەم قۆناغەدا هیچ ئامانجێك لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بەرزتر و پیرۆزتر نییە).
سەربەخۆییی هەرێمەکەمان ئەو ئامانجەیە کە 100 ساڵە خەباتى لەپیناودا دەکەین، هەموو مەینەتییەک و هەموو جۆرە ئازارێکمان لەپێناودا چەشتووە، ئەو کارەساتە تراژیدیانەى بەسەر نەتەوەکەماندا هاتوون لەوپێناوەدا، كه‌ بە سەدان هەزار شەهیدمان داوە، هیچ نەتەوەیەک بۆ سەربەخۆبوونیان ئەو هەموو قوربانییەیان نەداوە. ئایا ئامانجێکى 100 ساڵەى نەتەوەیەکى بێ دەوڵەت، ئەوە ناهێنێت لایەنە سیاسییەکانى کۆ بکاتەوە و بەپیریه‌وە بچن؟، ئەگەر ئامانجى لایەنە سیاسییەکان هەمان ئامانجى جەنابى سەرۆک و پارتەکەى سەرۆکن، ئەوا بەدەم داواکارییەکەى سەرۆکەوە دەچن و پێکەوە ئەمانگەیەنن بەو ئامانجە پیرۆزە، پێچەوانەکەشى بەهەر پاساوێک بێت، ئەوا مانا و مەدلولى خۆى هەیە و مێژوویش لاپەڕه‌ى ڕەشى هەیە بۆ نووسینەوەى.