Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەو کەسەی لەگەڵ پێشمەرگەدا لەبەرەی جەنگ وەستا، دەبێتە کاندیدی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا

تایبەت-KDP.info-  شارەداری پێشووتری لەندەن (بۆریس جۆنسن) کە ساڵی رابردوودا سەردانی هەولێری کرد و بە چەکێکی دەستی پێشمەرگە سێرەی لە داعش دەگرت، یەکێک لە بەهێزترین کاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا؛ (جۆنسن) لە کەمپینی پشتیوانیکردنی بەریتانیا بۆ جیابوونەوە لە یەکێتیی ئەورووپا سەرکەوتنی بەدەست هێنا.

 
بەریتانیا هەنگاوێکی مێژوویی نا بە جیابوونەوە لە یەکێتیی ئەورووپا و، خەڵکەکە بەرێژەی 51.89 %  لە ریفراندۆمدا دەنگی بە جیابوونەوە دا. رێژەی بەشداریکردن لە ریفراندۆم 72% بوو، ئەمەیش ژمارەیەکی پێوانەیی بوو لە بەشداری خەڵک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بەریتانیا.
 
هۆکاری ماڵئاواییکردنی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا بۆ کێشەی پەنابەران و ئەو کۆچە دەگەڕێتەوە کە یەکێتیی ئەورووپا لەماوەی 16 ساڵی رابردوودا تا ئێستا بەسەر بەریتانیایدا سه‌پاندووه‌؛ جگە لەوەیش بەریتانیا دەیەوێ بۆ کەمکردنەوەی هەلی کار و بەرزرکردنەوەی دراوی وڵاتەکەی و هەروەها بۆندی نوێی ئابووریی سەربەست، هەنگاو بنێ.
 
کەمپینی بەرەی جیابوونەوە لە یەکێتیی ئەورووپا بۆ ریفراندۆمی بەریتانیا لە یەکەم کاردانەوەیاندا داوایان لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان (دەیڤد کامیرۆن) کرد کە دەست لەو پۆستە هەڵگرێ و، کورسییەکە بۆ شارەداری پێشووتری لەندەن (بۆریس جۆنسن) چۆڵ بکات.
 
(بۆریس) لە مانگی یەکی ساڵی رابردوودا سەردانی هەولێری کرد و چووە بەرەی جەنگی دژ بە داعش و، لەگەڵ پێشمەرگەدا بە چەکێکی دەستی پێشمەرگە سێرەی لە داعش دەگرت و ئەو لە هەولێر رایگەیاند کە دەبێ پشتیوانی پێشمەرگە فراوان بکرێ و هەموو جیهان پشتی پێشمەرگە بگرێ.
 
(جۆنسن) لە هەولێر مەبەستی سەردانەکەی راگەیاند کە ئەو بۆیە هاتووەتە هەولێر تا راشکاوانە پشتگیریی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕێ و، بەهەموو هێزێکیششەوە پاڵپشتیی پێشمەرگە دەکات و، خۆیشی بە پێشمەرگە دەزانێ.
 
بۆچی بۆریس جۆنسۆن سەردانی هەولێری کرد؟
بەریتانیا كە لە هاوكێشەی بەهێزی ئابووری و سەربازیی وڵاتانی جیهاندا پێگەیەكی باڵای هەیە، لە ڕێگەی (بۆریس جۆنسۆن)ه‌وه‌ دەیەوێ ئەزموونی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرانبەر تیرۆریستانی داعش بۆ لەندەن بگوازێتەوە، تا بە تاكتیك و بوێریی پێشمەرگە كە لە دژی تیرۆریستان پێڕۆی كردوون، لەندەن سوود لەو تاكتیكە وەربگرێت و بە دوور بێت لە هێرشی تیرۆریستانی داعش و قاعیدە و رەوتی دیكەی تیرۆر لە جیهاندا.
 
رۆژنامەكانی بەریتانیا لەکاتی سەردانی شارەداری پێشووتری لەندەن (بۆریس جۆنسۆن) بۆ هەولێر و، رۆژنامەیەكی ئەو وڵاتە نووسیویەتی كە شارەدار دەیەوێ سوود لە ئەزموونی هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەربگرێت بۆ ئەوەی لەندەن لە مەترسیی تیرۆر بپارێزێت.
 
شارەداری پێشووتری لەندەن (بۆریس جۆنسۆن) ساڵێک بەر لە ئێستا بە سەردانێكی فەرمی گەییشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)ـدا كۆ بووەوە.  ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی سەرۆكوەزیرانی كوردستان لە میدیا كوردییەكان ئاماژەیان پێ كرا كە پێوەست بوون بە لایەنی ئابووری و تاوتووكردنی پرسی پێشمەرگە و شەڕی داعش، بەڵام لە میدیاكانی بەریتانیادا چەند پرسەگەلێكی دی ورووژێنران كە شارەداری وڵاتەكەیان بۆ چەند مەبەستێك سەردانی هەولێری كردووە كە گرینگترینیان بریتی بوون لە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشمەرگە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش، هەروا پتەوكردنی پیوەندیی شارەداری لەندەن بە هەرێمی كوردستان كە كاریگەری بەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەكەی دەبێت بە تایبەت بۆ شارەدار و ئەو حزبەی كە كاری بۆ دەكات.
 
بە گوێرەی رۆژنامە بەریتانیاییەكان تەوەرێكی دیكەی سەردانەكەی شارەداری لەندەن  بریتی بووە لە كاری بازرگانی و هەروا هاندانی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و رۆژنامەكان نووسیویانە كە، هەولێر پایتەختی ئابووریی ناوچەكەیە و شارەداری لەندەنیش دەیەوێ كۆمپانیای بەریتانیا بۆ ئەو شارە بەڕێ بكات.
(بۆریس جۆنسۆن) كە لە كاری رۆژنامەنووسییەوە بوو بە شارەداری لەندەن، پێوەست بە سەردانی بۆ هەولێر بۆ راگەیاندنەكانی بەریتانیا ئاماژەی كردووە كە، ئەو ناترسێ كاتێ سەردانی هەولێر دەكات، چونكە لە هەولێر ئەمنییەت هەیە، هەروا لە كاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی كوردستان لە هەولێر رایگەیاند كە، ئەو پێشكەوتنەی لە هەرێمی كوردستان بەچاوی خۆی بینیویەتی گەلێك زیاترە لەو پێشبینییەی كە ئەو لەسەر هەرێمی كوردستان هەیبووە.
 
بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی بە ناووبانگی بەریتانیا 'independent' شارەداری لەندەن دەیەوێ سوود لە ئەزموونی چۆنیەتیی بەرگریی سەركەوتووانەی هەرێمی كوردستان بەرانبەر بە تیرۆریستانی داعش وەربگرێت، بۆ ئەوەی بەو تاكتیك و پلانە زانیاری وەربگرێت و پێشوەختە رێوشوێنی ئەمنی لە شاری لەندەن بگرێتە بەر و مەترسی تیرۆر لە شارەكەی بەدوور بگرێت، هەروەك لە میانی كۆبوونەوەكەیشیدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی كوردستان رایگەیاندووە كە، مەترسییەكانی تیرۆر لە سنوورەكانی ئەم ناوچەیە چوونەتە دەرەوە و بۆ ئەورووپا و بەریتانیایش هەڕەشەن.‌
 
(جۆنسۆن) كە یەكێك لە سیاسەتمەدارە دیارەكانی بەریتانیاییە لە رووی نووسین و پەرتوكەوە، بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەكانی بەریتانیا ئامانجێكی دیكەی پارێزگار بۆ ئەوە بووە، ئەو دەیەوێ لە ئیستادا پێوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پتەو بكات، چونكە بۆ هەڵبژاردنی دابێی وڵاتەكەی حەزی لە پۆستی باڵاترە و پێوەندی و نزیكایەتییشی لە هەرێمی كوردستان بۆ پاشه‌ڕۆژی هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی بە گرینگ زانیوە، وەك لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی كوردستاندا رایگەیاند كە، بەریتانیا و شارەداریی لەندەن، خوازیاری بنیاتنانی پەیوەندیی بەهێز و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بۆیە حكوومەت و كەرتی تایبەتی وڵاتەكەی هان دەدات كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەرەو پێشەوە ببەن و لە هەموو بوارەكاندا پەرەیان پێ بدەن.
 
هەولێر پایتەختی ئابووریی ناوچەکەیە
هەروەك رۆژنامەی 'independent' نووسیویەتی، كە هەولێر پایتەختی ئابووریی ناوچەكەیە و ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیا لەو شارەدا كار دەكەن، بۆیە (جۆنسن) دەیەوێ بە جیددی هەوڵ بدات تا ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیای بەریتانیا پێوەست بە لایەنی ئابووری روو لە هەولێر بكەن. ئەگەرچی ئامانجێكی دیكەی سەردانەكەی شارەدار بریتی بوو لە بینینی ئەو سەربازە بەریتانیایانەی كە مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە دەكەن وەك لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، باسی لە بەسەركردنەوەی سەربازگەیەكی بەریتانیایش كرد كە مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە دەكات و خۆشحاڵیی خۆی بۆ هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان ئەفسەرانی بەریتانیا و هێزەكانی پێشمەرگە نیشان دا، هیوایشی خواست هاوكاریی باشتری پێشمەرگە بكرێت، بۆ ئەوەی بەسەر تیرۆریستاندا سەر بكەوێت. هاوكات رۆژنامە بەریتانیاییەكە نووسیویەتی كە، (جۆنسۆن) ویستی، لەسەر بینینی ئەو سەربازە بەریتانیاییانەیە كە مەشق و راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن و دەیەوێ لە نزیكەوە چاوی پێیان بكەوێت. هەروا لە كاتی بەسەركردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و سەربازە بەریتانیاییەكان چەكی پێشمەرگەی هەڵگرت و لە نزیكەوە سەنگەرەكانی بەسەر كردنەوە.
رۆژنامەكە نووسیویەتی كە (جۆنسۆن) بە شیوەیەكی چاوەڕواننەكراو و كتوپڕ سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و گەلێك مێدیای دیكەی بەریتانیایش ئاماژەیان كردووە كە لە ئیستادا بەریتانیا بەهەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات تا پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا یەكجار بباتە ئاستی باڵاوە، هەتا هەندێك لە رۆژنامەكان نووسیویانە، بەریتانیا خۆی ئامادە كردووە بۆ ئەوەی ئەگەر كورد داوای سەربەخۆییشی كرد بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی دروستكردنی دەوڵەتی كوردی بكەن.
 
پێشمەرگە هێزی ئاشتیپارێزی جیهانە
جگە لەو سەردانەی شارەداری لەندەن بۆ هەولێر، لە پێشووتریشدا بەرپرسانی باڵای بەریتانیا تا ئاستی سەرۆكوەزیرانی، سەرسامییان بە بوێریی هێزی پیشمەرگە دەربڕیوە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوین (تۆبایەس ئێلوود) ڕایگەیاندووە كە، "ئێمە بە لێبووردەیی و بەرپرسیارەتیی پێشمەرگە دەزانین، بۆیە ئەگەر ئەو هێزانە بخرێنە نێو سوپایەكی نیزامی و نیشتیمانییەوە و بە باشترین شێوە ڕاهێنانی بۆ بكرێت، ئەوا لە پاشه‌ڕۆژدا ئەو سوپایە لە جیهاندا سوودی لێ وەردەگیردرێت بۆ ئەوەی وەك هێزی ئاشتیپارێز لە دونیادا بە كار بهێندرێت. نیەتی بەریتانیا بۆ هێزی پیشمەرگە ئەوەیە كە لە پاشه‌ڕۆژدا وەك هێزی ئاشتیپارێزی جیهان سوودی لێ ببینرێ و ئەمەیش مانای ئەوە دەگەیەنێت كە پێشمەرگە پارێزەری گشت جیهانە لە شەڕی دژ بە تیرۆر چونكە لە واقیعیشدا پێشمەرگە تاكە هێزی سەرزەوییە كە لە رۆژهەڵاتی ناویندا داعشی تێك شكاند.
ماڵپەڕی (دیفەنس ڤیو پۆینتس) كە یەكێك لە باناووبانگترین ماڵپەڕی پێوەست بە بەرگری و ئاساییش كار دەكات، تایبەت بە كاروباری سەربازی و بەرگریی بەریتانیا، پێشووتر نووسیویەتی كە، "هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، لە بەرپەرچدانەوەی داعشدا، لە ئاستی عێراقدا گەورەترین چالاكیی كردووە. سوپای عێراق، وەك پێشمەرگە، توانای بەرەنگاربوونەوەی داعشی نییە و ئەو ماڵپەڕەیش ئاماژەی داوه‌ كە، پاشەڕۆژی هێزی پێشمەرگە وەك هێزی ئاشتیپارێز سوودی لێ وەدەگیرێت".
  بەریتانیا هەروا لە ڕێگای وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (دێسمۆند سوەین)ه‌وه‌ رایگەیاند، هێزی پێشمەرگە ڕۆڵی سەرەكیی لە شەڕكردن لەگەڵ داعش لە ناوچەكەدا دەبینێت و بەریتانیا ئەوەی لە دەستی دابێت بۆ كوردستان دەیكات. ئەمە جگە لەوەی كە بەریتانیا كۆمەك و هاوكاریی مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە و وەك دۆستێكی دیاری كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناویندا پیوەندیی پتەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا گرێ داوە.
 

لە ئاست پەرلەمانی ئەو وڵاتەیشدا لیژنەی كاروباری درەوەی پەرلەمانی بەریتانیا رایانگەیاندووە و دووپاتیان كردووەتەوە كە، بەریتانیا پێویستە لە رووی دیپلۆماسی و هاوكاریی سەربازی لە شەڕی دژ بە تیرۆر، پشتگیریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات و بە شێوەیەكی فەرمییش راگەیاندنی پاڵپشتیی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمانی بەریتانیا دووپات كراوەتەوە.

شاو کوردی