Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە هێزە سیاسییە كوردستانییەكانه‌، به‌ زووترین كات بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم ڕێك بكه‌ون

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامیدا رایگەیاند کە، بۆ ئێمە لەم قۆناغەدا هیچ ئامانجێك لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بەرزتر و پیرۆزتر نییە، ناشبێت ڕێگە بدەین ئەم پرسە چارەنووسسازە بكرێتە قوربانیی ناكۆكی و ململانێی نێوخۆیی، بۆیە داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییە كوردستانییەكان دەكەم لە زووترین كاتدا ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و هەنگاوی یەكەم ئەوەیە لەگەڵ بەغدا بكەوینە گفتوگۆی ڕاشكاوانە و برایانە.


دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان
هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان
دۆخی ناوچەكە بە قۆناغێكی نوێدا تێدەپەڕێت و بە هەموو لێكدانەوەیەك گۆڕانكاریی گەورە لە ئارادان. گەلی كوردستان و ئەزموونەكەیشی لەبەردەم قۆناغێكی هەستیار و چارەنووسسازدایە، ناكرێت ئەو دەرفەتەی ئەم جارە بۆ گەلەكەمان هاتووەتەپێش، لەدەستی بدەین. ئەمڕۆ پێگەی گەلی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئاسۆیەكی ڕوونی هەیە و، لە شەڕی تیرۆریش بە هەوڵ و كۆششی پێشمەرگە قارەمانەكان و لەسایەی خوێنی شەهیدانمان و بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و پشتیوانیی هاوپەیمانان، سەركەوتنی گەورە بەدەست هاتووە و تیرۆریستان تووشی شكستی گەورە هاتوون بەڵام مەترسییەكەیان هەر ماوە.
هاووڵاتیانی كوردستان
بۆ ئێمە لەم قۆناغەدا هیچ ئامانجێك لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بەرزتر و پیرۆزتر نییە، ناشبێت ڕێگە بدەین ئەم پرسە چارەنووسسازە بكرێتە قوربانیی ناكۆكی و ململانێی نێوخۆیی، بۆیە داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییە كوردستانییەكان دەكەم لە زووترین كاتدا ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و هەنگاوی یەكەم ئەوەیە لەگەڵ بەغدا بكەوینە گفتوگۆی ڕاشكاوانە و برایانە.
بۆ ئەم مەبەستە بانگهێشتی هەموو هێز و لایەنەكان دەكەم كۆبوونەوەیەكی تایبەت بەم بابەتە ئەنجام بدەن بۆ بڕیاردان لەسەر هەنگاوەكانی داهاتوو و بۆ ئەوەیش دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم پەیوەندی بە هەموو لایەكانەوە دەكات.
مسعود بارزانی
23ـی 6ـی 2016