Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نیوزلەندا و ئوسترالیا شانازی دەکەن کە شانبەشانی هەرێمی کوردستان دژی تیرۆریستان شەڕ دەکەن

دهۆك-KDP.info-  لە دیداریاندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزخانەکانی نیوزلەندا و ئوسترالیا لە عێراق، خۆشحاڵیی خۆیان نیشان دا کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، وڵاتەکانیان شانبەشانی هەرێمی کوردستان دژی تیرۆریستان شەڕ دەکەن و تەئیکیدیان کردەوە کە پێشمەرگە بە ئازایەتیی خۆی، لەجیاتی هەموو جیهانی ئازاد شەڕ دەکات و توانیویەتی تیرۆریستان تێک‌بشکێنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ـى٦ـى٢٠١٦، لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە (جەیمس مۆرنوو) باڵیوزی نیوزلەندا لە عێراق و (جۆناسان گێلبێرت) جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا شاندی میوان، خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدار لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) دەربڕی و ڕێز و سڵاوی هەردوو حکوومەتی نیوزلەندا و ئوسترالیایان پێ ڕاگەیاند.
لە دیدارەکەدا شاندی میوان ستایشی ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگەیان کرد لە شکاندنی تیرۆریستان و، پێزانینی خۆیان بۆ ڕۆڵی سەرکردایەتیی (سەرۆک بارزانی) لە شەڕی دژی تیرۆر دەربڕی و بە گرینگ و کاریگەریان لە قەڵەم دا. خۆشحاڵیی خۆیشیان نیشان دا کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، وڵاتەکانیان شانبەشانی هەرێمی کوردستان دژی تیرۆریستان شەڕ دەکەن و تەئیکیدیان کردەوە کە پێشمەرگە بە ئازایەتیی خۆی، لەجیاتی هەموو جیهانی ئازاد شەڕ دەکات و توانیویەتی تیرۆریستان تێک‌بشکێنێت. دواتریش داوایان لە (سەرۆک بارزانی) کرد سەرنج و تێڕوانینی خۆی بۆ دۆخی ناوچەکە بخاتەڕوو و بەرچاوڕوونیی زیاتریان بداتێ.

لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، باسی شەڕی داعش و ئەو تەحەدیاتانە كرد كە ڕووبەڕووی گەلی كوردستان بوونەتەوە. لەبارەی شەڕی داعش و تیرۆر، (سەرۆك بارزانی) جەختی لەوە كردەوە كە داعش دوژمنی هاوبەشی هەموو مرۆڤایەتییە و لە هەرجێیەک ئازادی و مرۆڤایەتی هەبێت تیرۆریستان پەلاماری دەدەن، هەر بۆیە مایەی خۆشحاڵییە کە لە شوێنی زۆر دوورەوە ئەوانەی باوەڕیان بە ئازادی و مرۆڤایەتی و ژیان هەیە هاتوون بەشداریی تێکشکاندنی تیرۆریستان بکەن. (سەرۆک بارزانی) جەختیشی کردەوە کە شەڕی داعش پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی جیددیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی مووسڵ و پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم و ڕەوشی ناوچەکە تەوەرەێکی دیکەی دیدارەکە بوو.