Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ماروپەیژەکەی نەوشیروان مستەفا

به‌ختیار شاخی

نەوشیروان مستەفا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ (هەڵسووڕاوان)ـی حزبەکەی، گوتوویەتی: بە ڕێککەوتنمان لەگەڵ یەکێتی، هاوسەنگیی هێز بۆ کوردستان دەگێڕینەوە و دیموکراسی پیادە دەکەین.
پێش هەموو شتێک ئەگەر نەوشیروان پێی وایە بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی، هاوسەنگیی هێز بۆ کوردستان دەگەڕێنێتەوە، کەواتە دەبێ بە ئاشکرا ددان بەوەدا بنێت کە بە جیابوونەوەی لە یەکیتی و لەتوپەتکردنی ئەو حزبە، هاوسەنگیی هێزی لە وڵات تێک دا و دەبێ داوای لێبوردنیش لە سەرکردایەتی و جەماوەی یەکێتی بکات. نەوشیروان مستەفا، کە زیاتر لە پەنجا ساڵە زۆرترین وزەی خۆی لە ململانێی ناوخۆ و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی موخالیفەکانی تەرخان کردووە، کەچی دیسان دەست بۆ پشکۆیەک دەبات کە سەدانجار چزاندوویەتی. ئەو، کە بە نووسین و کردەوەیش، دژایەتیی "ڕێبازی بارزانی" کردووەتە ئامانجی سەرەکیی خۆی، هەم خۆی ماندوو کردووە و هەمیش وزەیەک کە دەکرا بۆ پێشخستنی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستانی و وڵات بەکار هاتبا، بە هەدەری داوە. ڕێککەوتنەکەی ئەمجارەشی، هیچ نییە جگە لە جەولەیەکی تری هەوڵەکانی بۆ ئەو ئامانجەی. بەڵام دەبوو تا ئێستا بزانێت کە بە قەولی خۆی "ماڵی مەلا مستەفا" و پارتی، تا زیاتر لەژێر گوشاردا بن، بەهێزتر دەردەکەون.
سەبارەت بەو هەڕەشەیەی کە گوایە بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی تەرازووی هێز ڕاست دەکەنەوە، نەوشیروان باش دەزانێت چ درووشمێکی ناکردەیی هەڵگرتووە و تەنیا دەکرێت (هەڵسووڕاوان)ـی خۆی پێ هەڵسووڕێنێت. خۆ لە 23ـی حوزەیراندا نەک هەر لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی، بەڵکوو ئیسلامییەکانیش هاتنە پاڵیان و ویستیان کودەتایەکی سپی بە سەر پارتیدا بکەن، بەڵام بە قەولی عەرەب: "انقلب السحر علی الساحر". ئەوەی پەراوێز خرا و گۆشەگیر کرا، گۆڕان بوو نەک پارتی، ئەو پێگە موعەززەز و موحتەرەمەی گۆڕان لەناو پارلەمان و حکوومەت هەیبوو، لە دەستی دا و لە ڕووی سیاسییشەوە گۆڕان تووشی گۆشەگیری و خەمۆکیی سیاسی کرا، تا ڕادەیەک کە نەوشیروان مستەفا ناچار بوو بچێتەوە لای ئەو حزبەی کە لەتی کرد و تا پێیکرا دژایەتی کرد و دەیوسیت هەڵیبوەشێنێتەوە.
لەبارەی چەسپاندنی دیموکراسیشەوە، ڕێکخەری گۆڕان ڕێگەیەکی هەڵەی هەڵبژارد. پیلانگێڕی و هەڕەشەی تێکدانی ئارامیی وڵات، ڕێکاری دیموکراسی نین. ئەو، کە جیاوازیی نێوان حزبی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتدار نەکات و حزبەکەی لە لوتکەی دەسەڵاتەوە، نەک هەر وەک ئۆپۆزیسیۆن، بەڵکوو وەک ناحەز، هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا و هەڕەشەی تێکدانی ئاسایشی وڵات بکات، باسی کام دیموکراسییە دەکات؟ ئەو، کە ڕەخنەی توندی لە سەرۆکی خولەکانی پێشووی پارلەمان دەگرت و هەڵسووڕاوی تەپڵ و فیکەلێدەری دەناردە ناو پارلەمان تا دەبەی ئاو بگرنە سەرۆکی پارلەمان، بەوە دڵی نەحەسایەوە و بە دانانی عەبدێکی مەئمور، لە باڵاترین دەسەڵاتی یاساداندا، گەورەترین بێڕێزی بەرانبەر ئەو مەقامە باڵایەی وڵات کرد. ئایا لای ئەو دیموکراسی ئەوەیە پارلەمانتار بە وەسیلە بزانی بۆ سووکایەتیکردن بە خەڵک؟ ئاخۆ پارلەمانتار نوێنەری خەڵکە یان موڵکی شەخسیی ڕێکخەری حزب؟ ئەگەر وانییە چۆن بوو هەڕەشەی ئەوەی دەکرد، "لەجیاتی یەک عەبدوڵلا مەلانووری، بیست عەبدوڵلای مەلانوورییم بۆ ناردنە پەرلەمان، تا نەتوانن بێنە پەرلەمان". وەک چی سەیری پارلەمانتارەکانی دەکات، مرۆڤ یان دڕندە و شەڕانی کە ئاوا وەسفیان دەکات؟ هەڵسووڕاوەکانی گۆڕان، بە بڕیار و رێنوێنیی ڕاستەوخۆی نەوشیروان مستەفا، لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەزاران وەسف و لەقەبی نەشیاویان بەرانبەر جەنابی مام جەلال بەکار هێنا و تا پێیان کرا پەلاماری سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان دا، ئاخۆ سووک سەرنجدان و بێڕێزیکردن بە پۆستە باڵاکانی وڵات بەشێکن لە ڕێبازە دیموکراسییەکەی ڕێکخەری حزبی گۆڕان؟
ئامانجی ئێستا نەوشیروان مستەفا ڕوونە، ئەوەی بە لەتکردنی یەکێتی بۆی نەکرا، دەیەوێ بە لەتکردنی کوردستان پێی بگات. بۆ ئەوەیش یەکێتی بەکار دەهێنێت. بەڵام ئەوەی بە زیاتر لە پەنجا ساڵ دەستی نەکەوت، بەم ڕێککەوتنەش پێی ناگات و دیسان دەگەڕێتەوە خانەی یەکەم، تەنیشت کلکی مارەکە.
بۆیە باشتر وایە ڕێکخەری گۆڕان، چیدی وزەی خۆی بۆ سڕینەوەی بەرانبەرەکانی بەفیڕۆ نەدات، بەڵکوو بیخاتە خزمەت بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستان. ئێستا دەرفەتی زێڕین بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ کوردستان لە ئارادایە و تەحەدییاتی گەوەرش لە ڕێگان و خەڵک چاوی لەوەیە هەموو تواناکان بۆ ئەو ئامانجە یەک بگرن نەک بۆ دژایەتیی یەکتر بەفیڕۆ بچێت. خەڵک سەربەخۆیی و ژیانێکی سەربەرزانەی دەوێت و دژی ناتەبایی و دووبەرەکیین.