Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"پێشمەرگە لە جیهاندا دەبێتە ناسنامەی کوردستان و هێمای ئازایەتی"

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق رایگەیاند، پێشمەرگە بەو ئیمکاناتە لۆجستییە کەمەوە کە لەبەردەستییەتی ئازایەتییەکی بێوێنەی نیشان داوە و بێگومان لە جیهاندا دەبێتە ناسنامەی کوردستان و هێمای ئازایەتی، بۆ منیش شانازییەکی گەورەیە کە لەو ماوەیەدا لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەم و کوردستاندا ڕۆڵم هەبووە و بە دڵنیاییشەوە ئەو تیمەی جێگەی ئێمە دەگرنەوە لەسەر ئەو ڕێگەیە بەردەوام دەبن.

پێشنیوەڕۆی چوارشەممە ٨ـى٦ـى٢٠١٦، لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بڕۆنۆ ساکۆمانی باڵیوزی کەنەدا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لەسەرەتای دیدارەکەدا باڵیۆزی کەنەدا، خۆشحاڵی خۆی بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئەرکی وەک باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کۆتایی دێت و بەمەبەستی ماڵئاوایی هاتووە، خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا وڵاتەکەی ئەو دەرفەتەی پێدا لە عێراق و ئوردن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کار بکات و بەوەش دڵخۆشە کە لەماوەی کارکردنیدا ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کەنەدا بەڕادەیەکی زۆر پێشکەوتووە و دەرفەتی پێشخستنی زیاتریش هەیە.

باڵیۆزی کەنەدا خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی کە وڵاتەکەی لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش، هاوکاریی پێشمەرگە دەکات و ڕایگەیاند پێشمەرگە بەو ئیمکاناتە لۆجستییە کەمەوە کە لەبەردەستییەتی ئازایەتییەکی بێوێنەی نیشان داوە و بێگومان لە جیهاندا دەبێتە ناسنامەی کوردستان و هێمای ئازایەتی، بۆ منیش شانازییەکی گەورەیە کە لەو ماوەیەدا لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەم و کوردستاندا ڕۆڵم هەبووە و بە دڵنیاییشەوە ئەو تیمەی جێگەی ئێمە دەگرنەوە لەسەر ئەو ڕێگەیە بەردەوام دەبن.
هەر لە دیدارەکەدا بەرپرسی کاروباری مرۆیی لە باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق ستایشی خەڵک و حکوومەتی کوردستانی کرد بۆ حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆری پەنابەران و ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئەو شەڕە گەورەیە و بوونی قەیرانی ئابووری، لەخۆبوردوویی خەڵکی کوردستان و ئەو سەرکردایەتییە سەرکەوتووەی لە پرۆسەی حەواندنەوەی ئاوارەکاندا لە کوردستان بینیویەتی شتێکی بێ هاوتا بووە و لەهیچ شوێنێکی تر ئەوەی نەبینیوە.

لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی باڵیۆزی کەنەدا و شاندی یاوەری کرد و هیوای خواست لە ژیان و کاری داهاتوویدا سەرکەوتوو بێت و خۆشحاڵیی خۆشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و کەنەدا لە بوارە جۆراوجۆرەكان نیشان دا.
سەرۆک بارزانی سوپاسی وڵاتی کەنەدای کرد کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش هاوکاریی کوردستانییان کردووە و ڕۆڵی کەنەدای لە   شەڕی دژی تیرۆر بەرز نرخاند.
باسکردنی ڕەوشی بەرەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بارودۆخی عێراق و ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.