Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هاووڵاتیانی ناحیەی دێرەلۆك قەرەبوو دەكرێنەوە

دێرەلۆك-KDP.info- ئەو جووتیارانەی زەوی كشتۆكاڵیان بەر پڕۆژەی هایدرۆپاوەری ناحیەی دێرەلۆك كەوتوون قەرەبوو دەكرێنەوە و، پەرلەمانتارێكیش دەڵێ: "پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلۆك پڕۆژەیەكی ستراتیژیە بۆ خەڵكی ناوچەكە و لە كێشەی كارەبا رزگاریان دەبێت."

 

 نەجات نهێلی، ئەندامی لیژنەی شارەوانییەكانی پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠١٥ دەستی بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی هایدرۆپاوەری ناحیەی دێرەلۆكی قەزای ئامێدی كردووە، كە پڕۆژەیەكی ستراتیژیە بۆ بەرهەمهێانی ٣٧ میگاوات كارەبا، لەسەر قەرزی یابانی جێبەجێ دەكرێت."

 

ئەو پەرلەمانتارە دەیشڵێ: "پڕۆژەكە ٧٠%ی جێبەجێ كراوە و لەكاتی تەواوبوونی سوودێكی زۆر بە هاووڵاتیانی ناحیەی دێرەلۆك و ناوچەی ئامێدی بە دابینكردنی وززەی كارەبا دەگەیێنێ."

 

نهێلی ڕاشیگەیاند: "كێشەیەك هەیە لە قەرەبووكردنەوەی ئەو جووتیارانەی پڕۆژەكە لەسەر زەوی كشتۆكاڵی ئەوان ئەنجام دەدەرێت و تا ئێستا قەرەبوو نەكراونەتەوە، بەڵام دوای بەدواداچوونمان وەزارەتی كارەبا بە نووسراوی فەرمی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئاگاداركردووتەوە، بڕی ١٠ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینار قەرەبووی جووتیاران بكرێتەوە، چاوەڕێی وەڵامی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانن بۆ قەرەبووكردنەوەی جوتیارانی زەرەرمەند، ئەویش بە شێوەی قیست دەبێت، چونكە بەهۆی قەیرانی دارایی پارەی پێویست نییە."

 

قائید میرۆ