Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"عەبادی چەند بەڵێنێكی بە كورد داون"

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەل (حەیدەر عەبادی)ـدا كۆ بوونەتەوە و، تێیدا سەرۆكوەزیران بە شێوەیەكی گشتی وەڵامی باشی هەبووە و چەند بەڵێنێكی بە كورد داون.

(د. تاریق گەردی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "بەشێك لە سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دوێنێ شەو سەعات 9 لە نووسینگەی تایبەتی (حەیدەر عەبادی) لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراقدا كۆ بووینەوە، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو بە هۆی سەرقاڵبوونی بە كۆنگرەكەیانەوە، بەشدارییان نەكرد و هەروەها سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵیش ئامادە نەبوو".

(د. تاریق) گوتیشی: "لەو كۆبوونەوەیە بە دوورودرێژی شیكردنەوەیەكمان بۆ بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی و ئەو هۆكارانە كرد كە بەم دواییە بوونە هۆی ئەو رووداوانەی ناو پەرلەمان و خۆپیشاندانی مانگرتووەكان، لەگەڵ ئەوەیشدا ڕاوبۆچوونمان لەسەر چارەكردنی سەرجەم كێشەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەربڕی بە تایبەت ئەو پرسانەی كە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، لەوانەیش جێبەجێنەكردنی بنەماكانی دەستوور".

 (گەردی) هەروەها دەشڵێت: "لە كۆبوونەوەكەدا جەختمان كردەوە لەسەر پێویستبوونی (عەبادی) بە گەڕانەوە بۆ بەرنامەكانی حكوومەت و ئەو رێككەوتنە سیاسییەی كە لە 20 خاڵ پێك دێت و لە نێوان سەرجەم كوتلە سیاسییەكان ئەنجام درا لە ساڵی 2014ـدا و لەسەر ئەو رێككەوتنە متمانەمان بە (حەیدەر عەبادی) دا وەكو سەرۆكوەزیران، لەوانەیش 5 خاڵی پێوەست بوون بە هەرێمی كوردستان كە خۆم داوام لێی كرد بگەڕێتەوە بۆ ئەو رێككەوتنە و بنەماكانی جێبەجێ بكات كە خۆی دەبینێتەوە لە جێبەجێكردنی قۆناغەكانی ماددەی 140 و چارەكردنی دۆخی هێزەكانی پێشمەرگە لە مووچە و چەك و تەقەمەنی و كەلوپەلی سەربازی و، هەروەها پێدانی سەدا 17ـی بەشەبوودجەی هەرێم و چارەكردنی یاسای نەوت و گاز و هەموو ئەو مافانەی لە دەستووردا هاتوون كە پێویستە جێبەجێ بكرێن وەكو شەراكەتی ڕاستەقینە و، دەبێت تاكی كورد و هەموو عێراقییەك هەست بكات كە ئێمە شەریكی ڕاستەقینەی حوكمڕانیی عێراقین بە پشكی خۆمان كە سەدا 20ـمان هەیە و پێویستە لە هەموو پۆستەكاندا كورد پشكی هەبێت، لەگەڵ پێویستیی ڕەوانەكردنی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ هەرێم".

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر ڕوونی كردەوە: "سەرۆكوەزیران بە شێوەیەكی گشتی وەڵامی باشی هەبوو و، بەڵێنی دا كە هەموو كێشەكان دەبێت چارە بكرێن و گوتی، بە گفتوگۆكردن دەتوانین بگەینە ئەنجام، هەروەها بەڵێنی ئەوەیشی دا كە لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەست پێ دەكەنەوە و، جیددییش دةبێت لە چارەكردنی كێشەكان، جگە لەوە، بۆ مانگی حەوتیش گوتی كە دەست دەكەن بە تەواوكردنی پێدانی ئەو قەرزەی كە لەسەریان ماوە هیی گشت جووتیارانی عێراق بە تایبەتی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2014".

بە گوتەی (گەردی)، هەردوولایش جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە، پێویستە پێكەوە ڕووبەرووی دوژمنێكی سەرەكی ببنەوە كە تیرۆریستانی داعشن.

نەشوان بەرزنجی