Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی سەرپەرشتی دەكات.. پێشمەرگە هێرشێكی بەرفراوانی بۆ سەر داعش دەست پێ كرد

خازر-KDP.info- بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی (سەرۆك بارزانی)، هێرشی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر تیرۆرستانی داعش دەستی پێ كردووە و، هێزی پێشمەرگەیش لە پێشڕەویی بەردەوامدایە.

بەرپرسی میحوەری خازر (عارف تەیفوور)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هێرشی هێزی پێشمەرگە لە قۆڵی حەسەن شام دەستی پێكردووە و بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، هێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویدایە بۆ گرتنی ئەو شوێنانەی كە لە پلاندا دانراون".

(تەیفوور) گوتیشی، هێرشەكە بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزان)ـیە و، بۆ ئەو مەبەستەیش بەردەوام لەسەر هێڵە،

هەروەها هێزی پێشمەرگەیش چەند شوێنێكیان كۆنتڕۆڵ كردووە".

لە لایەكی دیكەوە، موقەدەم (جەعفەر كەریم) فەرماندەی بەتالیۆنی دووی هێزی یەك لە سوپای 4ـی زێرەڤانی لە میحوەری خازر،  بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە سەعات 4ـی بەرەبەیانییەوە هێزەكانی پێشمەرگە دەستمان بە هێرشێكی بەرفراوان كردووە لە قۆڵەكانی حەسەن شام بۆ گوندی موفتی و هەروەها بۆ گردەڕەش و وەردەك و تولەبەندیش".

موقەدەم (جەعفەر) دەیشڵێت: "پێشڕەوی باش كراوە و فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانیش بە چڕی بۆردوومانی تیرۆریستانی داعش دەكەن لەو سنوورە".

 

نەشوان بەرزنجی - بڵند ئیبراهیم