Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ حەفتەمین كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

هەولێر-KDP.info-  (سەرۆک بارزانی) لەپەیامیدا بۆ حەفتەمین كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان رایگەیاند، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان وەك بەشێك لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی هاوسەنگ و میانڕۆیانەی گێڕاوە كە جێگەی پێزانینی هەموو لایەكە و ئەو ڕۆڵە بەرز دەنرخێنین، لەگەڵ ئەوەیشدا یەكگرتووی ئیسلامی دەتوانی ڕۆڵێكی كاریگەری هەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕۆیی و تیرۆر و شەڕی فكریی تیرۆریستان كە تاوانی زۆر گەورەیان دەرهەق گەلەكەمان ئەنجام داوە و مایەی نەهامەتین بۆ گەلانی ناوچەكە و دژی هەموو بەهایەكی ئاسمانی و مرۆڤین.


دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ حەفتەمین كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان:

به ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەڕێزان ئەندامانی كۆنگرەی حەفتەمی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
بە بۆنەی بەستنی حەفتەمین كۆنگرەی ئیسلامی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و ئەندام و لایەنگرانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دەكەم. هیوادارم كۆنگرەكەتان بە سەركەوتوویی كۆتایی بە ئەرك و كارەكانیدا بهێنێت و هەڵبژاردنی سەركردایەتیی تازەی یەكگرتوو و ڕاسپاردە و بڕیار و ڕێنوێنییەكانی حەفتەمین كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە خزمەتی بەرژەوەندییه باڵاكانی گەلەكەمان و پێشكەوتنی كولتووری سیاسیی كۆمەڵگەدا بێت.

ئێستا گەلەكەمان بە هەستیارترین قۆناغی مێژووی خۆیدا تێدەپەڕێت و لەبەردەم دەرفەتی مەزن و هەڕەشە و تەحەدیاتی گەورەیشدایە. لە كاتێكدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە خوێنی خۆی پارێزگاری لە خاك و كەرامەتی گەلی كوردستان دەكات، جێگەی خۆیەتی حزب و لایەنەكان، هەموو وزە و تواناكانیان بۆ سوودوەرگرتن لەو دەرفەتانە بەكاربهێنن كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و دواڕۆژی وڵاتەكەمان و نەوەكانی ئاییندەدا بێت. ئەوەیش لە پێناو پیادەكردنی مافی دیاریكردنی چارەنووس و سەربەخۆیی گەلەكەمان و چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی و دیالۆگ و برایەتی و تەبایی لە پڕۆسەی سیاسیدا و هەروەها پێكەوەژیان و ڕەچاوكردنی مافی پێكهاته نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان.

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان وەك بەشێك لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی هاوسەنگ و میانڕۆیانەی گێڕاوە كە جێگەی پێزانینی هەموو لایەكە و ئەو ڕۆڵە بەرز دەنرخێنین، لەگەڵ ئەوەیشدا یەكگرتووی ئیسلامی دەتوانی ڕۆڵێكی كاریگەری هەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕۆیی و تیرۆر و شەڕی فكریی تیرۆریستان كە تاوانی زۆر گەورەیان دەرهەق گەلەكەمان ئەنجام داوە و مایەی نەهامەتین بۆ گەلانی ناوچەكە و دژی هەموو بەهایەكی ئاسمانی و مرۆڤین. هیوای دواڕۆژێكی گەش بۆ گەلی كوردستان و ئومێدی سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

مەسعوود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان