Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەنگاریا چەك بۆ هێزی پێشمەرگە دابین دەكات

هەولێر-KDPinfo- حكوومەتی هەنگاریا ستاییشی رۆڵی پێشمەرگە دەكات و ئاماژە بە ئازایەتی و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگی كوردستان دەدات لە بەرەنگاربوونەوەی داعش.

(هێمن هەورامی) بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، پێشوازی لە دكتۆر (چابا فیزیكینی) كۆنسووڵی گشتیی هەنگاریا لە كوردستان كرد.

لە دیدارةكةدا، باس لە دواپێشهاتەكانی كوردستان و ناوچەكە كرا و، كۆنسووڵی گشتیی هةنگاریا ئاماژەی بە بەردەوامیی حكوومەت و سەرجەم هێزە سیاسییەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی كرد، بۆ هاوكاری و پشتوانیی حكوومەت و گەلی كوردستان، هەروەها رۆڵی پێشمەرگەی كوردستان بە گرینگ و ئازایەتی وەسف كرد و لەم بارەوە گوتی، حكوومەتی هەنگاریا بە ڕێزەوە دەروانێتە رۆڵی پێشمەرگە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لە لایەكی دیكەوە، (فیزیكینی) ئەوەی ئاشكرا كرد كە حكوومەتی هەنگاریا لە ئاییندەیەكی نزیكدا چەك بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دابین دەكات، ئەوەیشی گوت كە ژمارەی راهێنەرە سەربازییەكانیان لە كوردستان دەگەیەننتە ١٥٠ راهێنەر.

لەلایەكی دیكەوە، كۆنسووڵی گشتیی هەنگاریا سەبارەت بە هاوكاریی یەكێتیی ئەورووپا، رایگەیاند كە وەزیری دەرەوەی هەنگاریا لە كۆبوونەوەی یەكێتیی ئەورووپادا داوای كردووە هاوكاری كوردستان لە رووی داراییەوە بكرێت بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی زیاتر لە ملیۆنێك و هەشت سەد هەزار ئاوارە و پەنابەر، هەروەك چۆن هاوكاریی وڵاتانی تر دەكرێت كە پەناهەندە لە خۆ دەكرن.

لە لای خۆیەوە، (هێمن هەورامی) سوپاسی هەڵوێستی حكوومەتی هەنگاریای كرد بۆ ئەو هاوكاری و هەڵویستانەی و، ئاماژەی بە گرینگیی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لا كرد و، هیوای زیاتر بەرەوپێشچوونی ئەم پەیوەندیانەی خواست، هەروەها سەبارەت بە بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان و ناوچەكە و تێڕوانینی پارتی لەمەڕ ئەو پرسانە، باس كرد.