Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریی لە مەراسیمی یادی حەفتاساڵەی سەربەخۆیی شانشینی ئوردن كرد

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریی لە مەراسیمی یادی حەفتاساڵەی سەربەخۆیی شانشینی ئۆردنی کرد و، لە سەرەتای مەراسیمەكەدا دوای سروودی نیشتیمانیی شانشینی ئۆردۆن و عێراق و هەرێمی كوردستان پەیامی شا عەبدوڵڵا پادشای ئۆردۆن بە بۆنەی یادی ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتەكەی خوێندرایەوە. پاشان هەیسەم ئەبولفول كونسوڵی گشتیی شانشینی ئۆردۆن لە هەولێر وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا سوپاسی ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی كرد.

ڕۆژی چوارشەممە 25ـی 5ـی 2016 لە شاری هەولێر (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریی لە مەراسیمی یادی حەفتاساڵەی سەربەخۆیی شانشینی عەرەبی و سەد ساڵەی شۆڕشی گەورەی عەرەبی كرد.
لەو مەراسیمەدا كە لە لایەن كونسوڵخانەی شانشینی ئۆردۆن لە هۆتێل ڕۆتانای هەولێر ساز درابوو بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و ژمارەیەكی زۆری كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و كەسایەتیی سیاسی و بەرپرسە ئیداری و حزبییەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای مەراسیمەكەدا دوای سروودی نیشتیمانیی شانشینی ئۆردۆن و عێراق و هەرێمی كوردستان پەیامی شا عەبدوڵڵا پادشای ئۆردۆن بە بۆنەی یادی ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتەكەی خوێندرایەوە. پاشان هەیسەم ئەبولفول كونسوڵی گشتیی شانشینی ئۆردۆن لە هەولێر وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا سوپاسی ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی كرد و هەروەها ستاییشی بەها و ڕەوشتی بەرز و خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانی كرد و بە پێزانینەوە باسی لە دڵفراوانیی خەڵكی كوردستان كرد لە پەنادانی ئاوارە و لێقەوماوان.
جێگەی ئاماژەپێدانە هەر لەو مەراسیمەدا وتاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی یادی حەفتاساڵەی سەربەخۆیی شانشینی ئۆردۆن لە لایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خوێندرایەوە.