Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی سەنتەری دیالۆگی مرۆیی دەكات

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی سەنتەری دیالۆگی مرۆیی كردو لە دیدارەکەدا (سەرۆک بارزانی) هیوای سەركەوتنی بۆ شاندی میوان خواست و ئەركی ئەوانی بە چاكەخوازانە و مرۆیی وەسف كرد و ئامادەیی تەواوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پێشاندا بۆ هەماهەنگی و هاوكاریكردن لەگەڵ سەنتەری جیهانیی دیالۆگی مرۆیی.

ڕۆژی سێشەممە 24ـی 5ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی سەنتەری دیالۆگی مرۆیی كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان كورتەیەكیان لە كار و چالاكیی ئاشتیخوازانە و مرۆڤدۆستانەیان لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان و هەروەها شێواز و پڕەنسیپەكانی كاركردنی سەنتەری دیالۆگی مرۆیی بۆ ڕێگەگرتن لە شەڕ و توندوتیژی و كۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان لایەنە ناكۆكەكان بۆ (سەرۆك بارزانی) باس كرد. هەروەها ڕۆشناییان خستەسەر ئەو هەوڵانەی كە لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان و حكوومەتی سووریا ئەنجامیان داوە بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ و گەییشتن بە ئاشتی.

شاندی میوان سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد كە هاوكار و هەماهەنگ بووە لەگەڵ دامەزراوەكەیان و داوای پەیوەندی و هەماهەنگی و ڕێنوێنیی (سەرۆك بارزانی)یان كرد بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیی زیاتریان هەبێت لە ئەنجامدانی ئەرك و كارەكانیان.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) هیوای سەركەوتنی بۆ شاندی میوان خواست و ئەركی ئەوانی بە چاكەخوازانە و مرۆیی وەسف كرد و ئامادەیی تەواوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پێشاندا بۆ هەماهەنگی و هاوكاریكردن لەگەڵ سەنتەری جیهانیی دیالۆگی مرۆیی.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سووریا و ناوچەكە و باسی لە هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر سەقامگیری و ئاسوودەیی گەلانی ناوچەكە.