Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە فەرمانی سەرۆکی هەرێم، مامەڵەکردن لەگەڵ کۆنسووڵخانەکان تەنیا لە رێگەی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوە دەبێت

بەغدا-KDP.info-  سەرۆکی ھەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) فەرمانی دا، ھیچ دامەزراوەیەکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆی نییە راستەوخۆ پێوەندی و مامەڵەکردن لەگەڵ نوێنەرایەتی و کۆنسووڵخانەکان ئەنجام بدات، بەڵکو دەبێت لە رێگەی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوە بێت.

بەپێی نووسراوێکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، کە لە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٦ دەرچووە و بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران نێردراوە، ئاماژە بە فەرمانێکی مەسعود بارزانی کراوە.

لە نووسراوەکەدا کە کۆپییەکی دەست (باس) کەوتووە ئاماژە بەوە کراوە، لەسەر فەرمانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داوا دەکەین کە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان و یەکە کارگێڕییەکانی ھەرێمی کوردستان، راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییەکاندا نەکەن.

لە نووسراوەکەدا ھاتووە: "بۆ ھەموو پێوەندی و مامەڵەکردنێک لەگەڵ کۆنسووڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان، پێویستە لە رێگەی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوە ئەنجام بدرێت".

بەپێی فەرمانەکەی (سەرۆک بارزانی)، ھیچ دامەزراوەیەکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆی نییە راستەوخۆ پێوەندی و مامەڵەکردن لەگەڵ نوێنەرایەتی و کۆنسووڵخانەکان ئەنجام بدات، بەڵکو دەبێت لە رێگەی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوە بێت.

بە نووسراوێکیش کە لە ٨ی ٥ی ٢٠١٦ دەرچووە و ‌حەفتەنامەی (باس) بلاوی کردووەتەوە، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە گشت وەزارەتەکان کردووە پابەندی نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بن و کاری پێویستی بۆ ئەنجام بدەن.

بەپێی ئاماری فەرمانگەی پێوەندییەکان، ٣٢ کۆنسووڵخانەی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان ھەن.

سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوە راگەیاند، دەبێ تەواوی دامودەزگاکانی حکوومەت پابەند بن بەوەی کە بۆ پێوەندییە دیپلۆماسییەکان، فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوە تاکە خاڵی پێوەندیکردنە بە نێردە دیپلۆماسی و نوێنەرایەتییەکانی حکوومەت لە دەرەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەی خستە ڕوو، فەرمانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەدامەزراوەیی کردنی پێوەندییەکان و کۆتاییھێنانە بە دیاردەی پێوەندیبەستن لە دەرەوەی دامەزراوەی فەرمانگەی پێوەندییەکان.

دووپاتیشی کردەوە، پێوەندییە دیپلۆماسییەکان و پێوەندیگرتن لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بە رێنمایی و بڕیار رێک‌خراوە، بەڵام بەشێک لە فەرمانگەکان لە دەرەوەی ئەو رێسایانە مامەڵەیان کردووە و زیانیان بە ناوبانگی دیپلۆماسیی کوردستان گەیاندووە.

سەرچاوە: پێگەی ئەلیکترۆنیی حەفتەنامەی باس