Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەکەکە: ناهێڵین عێراق و سووریا دابەش ببن

ئاژانسەکان -KDP.info- سەرکردەیەکی پەکەکە ڕایگەیاند ئێمە لێ ناگەڕێین عێراق و سووریا لێک هەڵوەشێنەوە.

 

 لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فراتی تورکیا (ئا.نە.فە)، دۆران کاڵکان، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی پەکەکە ڕایگەیاند کە ئەوان بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن عێراق دابەش بکرێت و لە دژی ئەو هەنگاوە دەوەستنەوە. ناوبراو هەروەها دژایەتیی پەکەکەی بۆ پارچەبوونی سووریا ڕاگەیاند و بە سەرچاوەکەی وت کە پەکەکە بە هەموو توانایەکەوە ڕێگری دەکات لە پارچەپارچەکرانی خاکی سووریا.

دۆران کاڵکان ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی پەکەکە، لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەی (ئا.نە.فە)دا ڕەخنەی توندی ئاراستەی پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە) گرت بەوەی کە بە نیازن پەرلەمانێکی سەربەخۆ لە باکووری کوردستان دابمەزرێنن. کاڵکان وتی هەدەپە پارتێکی کوردی نییە و ناتوانێت پەرلەمانێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێت و پەکەکە ڕێگە بەو کارە نادات.

شایانی باسە، پێشتر بەرپرسانی هەدەپە ڕایانگەیاندبوو کە دەیانەوێت لە ئامەد پەرلەمانێکی سەربەخۆ دابمەزرێنن و بەو مەبەستەش بڕیارەکەیان بۆ گەلی کوردی باکووری کوردستان گەڕاندەوە.