Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"مەکتەبی سیاسی تەخویل کرا بۆ پێکهێنانی چەندین لیژنە..دەبێ هەنگاوەكان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم چڕتر بكرێنەوە"

هەولێر-KDP.info-  بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك (مەسعوود بارزانی) كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام درا و چەندین بابەتی سیاسی و رێكخراوەیی خرایە بەر باس و گفتوگۆ و بڕیار لێدانەوە..لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە کە دەبێ هەنگاوەكان بۆ ئەنجام دانی ریفراندۆم چڕتر بكرێنەوە.

دەقی راگەیاندراوی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان:

* بارودۆخی عێراق:

پرۆسەی سیاسی لە عێراق رۆژ لە دوای رۆژ ئاڵۆزتر دەبێت و رووداوەكان لێكترازان و دووركەوتنەوەی نێوان لایەنەكانی بەشدار لە پرۆسەكە زیاتر دەكات و هەیبەتی دام و دەزگاكانی دەوڵەتی عێراق ناهێڵێ، رووداوەكانی ئەم دواییەی بەغداش سەلمێنەری ئەو راستیەن كە چونكە دەستوور نەبۆتە بنەمای كاری دام و دەزگاكان و هەر لایەك بەگوێرەی بەرژەوەندی تایەفی یان سیاسی خۆی سوود لە مادەكانی دەستور وەردەگرێ، هێزی بەرقەراركردنی ئاسایش لە دەست حكوومەت نەماوە، رێككەوتنە ژێر بە ژێرەكانی هەندێ لایەن وای كردووە پەرلەمان سوكایەتی پێ بكرێت و هەوڵی داسەپاندنی ئیرادەو خواستی چەند لایەنێك دوور لە رێچكە دەستووری و یاساییەكان دەدرێت. كۆبوونەوە ئەم شێوە رەفتارو كردارانە ئیدانە دەكات و بە هەڕەشەیەكی جیددی دەزانێ لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی عێراق كە كاریگەری دەبێت لەسەر ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی ئیرهاب و ژیانی هاووڵاتیان.

* بارودۆخی شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش:

بەرەنگاربوونەوەی دڕندەكانی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە پشتیوانی جەماوەری خۆراگری كوردستان و هاوپەیمانان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، خۆراگری و قارەمانێتی پێشمەرگە بەرز نرخێندرا كە سەرەرای كۆمەڵێك ئاستەنگ بەوپەری ئازایەتی و مەردایەتیەوە، شەڕی شەمشەمە كوێرەكانی جاهلیەت دەكەن و بەرگری لە نیشتمان و مرۆڤایەتی دەكەن، پاڵپشتی جەماوەری كوردستان و خۆراگرییان لەو قەیرانانەی هاتونەتە پێش نیشتمانپەروەری و مرۆڤ دۆستیان دەردەخات. كۆبوونەوە سەری رێزو نەوازش بۆ تەواوی شەهیدان دادەنوێنێ و هیوای چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازێ.

* بارودۆخی نێوخۆی كوردستان:

لەم بارودۆخە ناهەموارو هەل و مەرجە سیاسی و عەسكەریانەی ناوچەكەو عێراق، خەڵكی كوردستان بەگشتی و لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی دەبێ ئامادەیی تەواویان هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەرەكان و، بیركردنەوەو هەنگاوەكان لە ئاست ئەو گۆڕانكاریانەدا بن. كۆبوونەوە بارودۆخی نێودەوڵەتی و ناوچەكەو كوردستان بەگونجاو دەزانێ بۆ بڕیاردان لەسەر شێوازی پێكەوە ژیانی خەڵكی كوردستان لەگەڵ عێراق، بۆیە دەبێ هەنگاوەكان بۆ ئەنجام دانی ریفراندۆم چڕتر بكرێنەوەو بەجۆرێك كە لە ئاست خێرایی رووداوەكان دابن و ئیتر خەڵكی كوردستان بریار لە چارەنووسی خۆی بدات. بۆ ئەم بابەتەش پێویستە تەواوی پێداویستی و رێكارەكانی بۆ ئامادە بكرێت.

* بابەتی پێداچوونەوەو رێكخستنەوەی بوارە جیاجیاكانی نێو خۆی پارتیمان و نەهێشتنی كەم و كوڕییەكان:

بە تێروتەسەلی گفتوگۆ لەسەر كەم و كوڕتی و ئاستەنگ و پێداویستییەكانی ئەم قۆناغەی كاری حزبایەتی كرا، كە پێویستیان بە رێكخستنەوەو چاكسازی و هەمواركردنەوەی سەردەمیانە دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی تەخویلی مەكتەبی سیاسی كرد بۆ پێكهێنانی چەندین لیژنە لە بواری جیاجیادا بۆ ئامادەكردنی شێوازی چارەسەرییەكان بۆ بڕیار لێدان بە بەشداری هەڤاڵانی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ هەر یەك لەو بابەتانەی باس و گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.

 

                                                            ئەنجومەنی سەركردایەتی

                                                            پارتی دیموكراتی كوردستان

                                                                   ٥/٥/٢٠١٦