Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داوا دەكرێت پاراستنی بیرەنەوتی "خەبازە"‌ بە پێشمەرگە بسپێردرێت

كەركووك-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێ، لە دوای تەقاندنەوەی بیرەنەتەكانی خەبازە بۆ سێیەم جار، باشترە دووبارە چاوخشاندنەوەیەك بە پاراستنیدا بكرێت و بدرێتە هێزەكانی پێشمەرگە.

(فوئاد حوسێن)، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كێڵگەی خەبازە یەكێكە لە كێڵگە نەوتییە بەهێزەكانی پارێزگای كەركووك، بیرەكانیشی جگە لەوەی نەوتیان هەیە، دەوڵەمەندیشە بە غاز و بۆ سێیەمین جارە دەكەوێتە بەر هێرشی تیرۆریستان و ناحەزان، ساڵی پار لە مانگی یەكدا بۆ ماوەی چەند سەعاتێك كەوتە دەست تیرۆریستانی داعش و دوو بیری تەقێنرانەوە، بەڵام بە هێز و بازووی هێزەكانی پێشمەرگە كۆنتڕۆڵ كرایەوە و، مانگێكیش بەر لە ئێستا بیرێكی تریش تەقێنرایەوە، بە هەمان شێوە دوێنێش چوار بیری تر بۆمبی چێنراویان پێوە بەسترابوو و لەوانە دوو بیریان تەقێنرانەوە كە زۆر چالاك بوون و تا ئێستایش بەردەوامە لە گڕگرتن و تیمەكانیش سەرقاڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكەن".

(حوسێن) راشیگەیاند: "پاراستنی ئەو كێڵگە نەوتییە لە ئەستۆی پۆلیسی كۆمپانیای نەوتی باكوورە كە سەر بە بەغدان، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە لە ڕابردوودا سەلماندیان كە لە پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان و پاراستنی كەركووكیشدا، دیوارێكی پۆڵایینیان دروست كردووە تا تیرۆریستان نەتوانن لەم دیوارە بپەڕنەوە، بۆیە دەبێت دووبارە بیر لە پاراستنی ئەو كێڵگە نەوتییە بكرێتەوە و بدرێتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە تا پاراستنیان لە ئەستۆ بگرن".

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، گوتیشی: "هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی سەر بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان،‌ كێڵگەكانی هاڤانا و بای حەسەن دەپارێزن و  پاراستنەكەیشیان ماوەی زیاتر لە ساڵێكە لە ئەستۆی ئەوانە و هاوسنوورە‌ لەگەڵ‌ تیرۆریستانی داعش، بەڵام گرینگ ئەوەیە كە دەتوانن بیپارێزن، سەبارەت بە پاراستنی بیرەنەوتی خەبازەیش، لە رووی تواناوە نازانم حكوومەتی ناوەندی چەند توانا و هێزی بۆیان دابین كردووە، بەڵام ماوەی ساڵێكە ئەو هێڵە مەترسیی تەقاندنەوەی لەسەرە، بۆیە وەكو ئەندامێكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەوەم پێشنیاز كردووە كە ئەگەر بكرێت دووبارە چاوخشاندنەوەیەك بە پاراستنەكەیدا بكرێت و بدرێت بە هێزەكانی پێشمەرگە".

كێڵگەی خەبازە، یەكێكە لە كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگای كەركووك و دەكەوێتە نزیكەی 25 كیلۆمەتری خوارووی ئەو پارێزگایە.

 

نەشوان بەرزنجی