Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ماركۆ روبیۆ: رۆڵێ هەرێم له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریزمی جیهانی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ره‌

هەولێر-KDP.info-   راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، لە پێشوازی سینا‌تۆر (ماركۆ روبیۆ) ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا رایگه‌یاند،  ئێمه‌ ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا بوو بۆ هێشتنه‌وه‌ی وڵات به‌ پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌شی كردمان، به‌ڵام ئێستا عێراق به‌كرده‌وه‌ دابه‌ش بووه‌..لای خۆیشەوە سێنا‌تۆر (ماركۆ) دووپاتی له‌ رۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش و تیرۆریزمی جیهانی به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، كه‌ "رۆڵێكی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ره‌.

ئه‌مڕۆ 4/5/2016 (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ سێنا‌تۆر (ماركۆ روبیۆ) ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا و یه‌كێك له‌ كاندیدانی پارتی كۆماری بوو بۆ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2016ی سه‌رۆكایه‌تی رایگه‌یاند، " ئێمه‌ ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا بوو بۆ هێشتنه‌وه‌ی وڵات به‌ پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌شی كردمان، به‌ڵام ئێستا عێراق به‌كرده‌وه‌ دابه‌ش بووه‌."

له‌و دیداره‌دا، كه‌ (ماتیاس میتمان) كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌یبوو، شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش و ئاماده‌كارییه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و رێوشوێنه‌كانی هاوكاری زیاتری نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان تاوتوكرا. سێنا‌تۆر (ماركۆ) دووپاتی له‌ رۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش و تیرۆریزمی جیهانی به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، كه‌ "رۆڵێكی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ره‌."

هه‌ر له‌و دیداره‌دا، هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌باره‌ی بزاوته‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م رێككه‌وتنێكی سیاسی گشتگیر له‌ نێوان پێكهاته‌كانی مووسڵ دوای رزگاركردنی كرد و (مه‌سروور بارزانی) جارێكی دیكه‌ تیشكی خسته‌ سه‌ر پێویستی دابینكردنی یارمه‌تییه‌ سه‌ربازی و دارییه‌كان بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و رایگه‌یاند، "ئێمه‌ پێمانوایه‌ ده‌بێ بۆ ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش وه‌كو سوپای عێراق پڕ چه‌ك بكرێن"

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ ناكۆكییه‌ مێژوویی و تایفییه‌كانی نێوان پێكهاته‌كانی عێراق درا و مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند،" عه‌قڵیه‌تێك له‌ به‌غدا هه‌یه‌، هاوبه‌شی قبوڵ نییه‌، ئێمه‌ ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا بوو بۆ هێشتنه‌وه‌ی وڵات به‌ پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌شی كردمان، به‌ڵام ئێستا عێراق به‌كرده‌وه‌ دابه‌ش بووه‌"

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا تیشكخرایه‌ سه‌ر دوا هێرشی به‌رفره‌وانی تیرۆریستانی داعش دژ به‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ میحوه‌ری ته‌لسقۆف و  گیان له‌ده‌ستدانی سه‌ربازێكی ئه‌مریكا، كه‌ له‌و محوه‌ره‌دا هاوكاری پێشمه‌رگه‌ی ده‌كرد، له‌و باره‌وه‌ (مه‌سروور بارزانی) رایگه‌یاند، ئێمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ خوێنمان به‌خشی و په‌یوه‌ندی مێژوویی نێوان هه‌ردوو وڵات به‌رز ده‌نرخێنین و خوازیاری پته‌وتركردن و به‌رده‌وامی ئه‌م دۆستایه‌تییه‌ن.